ڕەغدی کچی سەدام پەیامێکی ئاڕاستەی خۆپیشاندەران دەکات

ڕەغدی كچی سەدام حسێن، سەرۆكی پێشوتری عێراق و رژێمی بەعسی روخاو پەیامێكی سەبارەت بە  خۆپیشاندانەكانی عێراق بڵاوكردەوە و خۆپیشاندەران بە "پاڵەوانە قارەمانەكان" ناودەبات و دەڵێت "هەریەك لە سوننە و شیعە و كورد، سەرجەمیان نەوەی قارەمانانی قادسیە-ن و خەڵكی عێراقن".

رەغد سەددام حسێن لە هەژماری تایبەتی خۆی تویتێكی بڵاوكردوەتەوە و بە خۆپیشاندەران دەڵێت "وەك چۆن پەیمانمان پێدابون لە ئێستادا ئێوە ئەفسانەی پاڵەوانیەتی دەهۆننەوە".

ڕەغد ئاماژەی بەوەشكردوە "هەریەك لە سوننە و شیعە و كورد، سەرجەمیان نەوەی قارەمانانی قادسیە-ن و خەڵكی عێراقن، هیوا خوازم لەو ناوچانەی خۆپیشاندانەكان تێیدا سەریهەڵنەداوە لە داهاتویەكەی نزیكدا سەرهەڵبدات و سەرتاسەری عێراق بگرێتەوە".

رەغد نوسیویەتی "تەواوی عێراق لەگەڵ ئێوەدایە ئەی پاڵەوانە قارەمانەكان، خودا لە شەهیدەكانمان خۆشبێت، ئێوە ئێستا وەك پەیمانمان پێدان ئەفسانەی پاڵەوانیەتی دەهۆننەوە، ئێوەی سوننە و شیعە و كورد خەڵكی عێراق و نەوەی پاڵەوانانی قادسیە-ن، لە سەرجەم كوچە و شارەكانی عێراق بە ئیزنی خودا".

رەغد گرتەیەكی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانەكانی بڵاوكردوەتەوە و هاوپێچ لەگەڵ ڤیدیۆكەدا نوسیویەتی "داوای لێبوردن دەكەین بۆ سەختی دیمەنەكە، بەڵام دەمانەوێت بە ڤیدیۆ پیشانی بدەین لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا چی رودەدات و چۆن مافەكانی مرۆڤ پێشێلدەكرێت و بە خراپ مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا دەكرێت".

ئەو پەیامەی ڕەغد لەکاتێکدایە بەۆی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە 44 کەس کوژراون و زیتر لە هەزار کەس برینداربوون.

ئەگەرچی هێزە ئەمنییەکان ئامادەکارییان کردووە و قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا دیارنیە کە ئاخۆ ئەو دۆخە ئەمنیە و پەیامەکەی ئەمڕۆی سیستانی و عادل عەبدولمەهدی دۆخەکە هێوەر دەکاتەوە یان خۆپیشاندان دەست پێدەکاتەوە.

PM:03:43:04/10/2019