ڕانیە...تەرمی ژنێک بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە

ژنێك لە ناحیەی بێتواتەی سەر بە ڕانیە لە ماڵەكەی خۆیدا بە هەڵواسراویی دۆزرایەوە، پۆلیسیش زانیاری ئاشکرادەکات.

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەرین لە راگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، كاتژمێر ۱۱:۲۰ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ژنێك بەناوی ( ب،خ ) لەدایك بووی ۲۰۰۲ پیشەی ژنی ماڵ و دانیشتوی شارۆچكەی سەروچاوە سەربە ناحیەی بێتواتە سەربە قەزای ڕانیە بە مردویی گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە كە شوێنەواری برینی پەت بە ملیەوە هەبوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، هێزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی بێتواتە و تیمی بەڵگەكانی تاوانی ڕاپەڕین دەستبەجێ گەشتنە شوێنی ڕوداوەكە. دوای لێكۆڵینەوە و بەگوێرەی وتەی هاوسەرەكەی دەركەوت كە ناوبراو لە ژورێكی ماڵەكەی خۆیان لە شارۆچكەی سەروچاوە سەربە ناحیەی بێتواتە بە پەت خۆی هەڵواسیوە و هەر بەوتەی هاوسەرەكەی ناوبراو هیچ كێشەیەكی نەبووە.

پۆلیسی راپەرین جەختیشكردوەتەوە، لە كاتێكدا ژنەكە خاوەن هاوسەر و یەك منداڵە. دوای ئەوەی تەرمەكەی لە پزیشكی دادوەری ڕانیە توێكاری بۆ ئەنجامدرا، ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە. مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كرایەوە و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامە.


PM:04:15:06/10/2019