زانیاری نوێ لەسەر مووچە راگەیەندرا

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت " کۆی گشتی داهات لە یەك مانگدا دەکاتە (١٣٠٠٠٠٠٠٠٠ یەك ملیار و سێ سەد ملیۆن دۆلار)".

 
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، د. کازم فاروق لەسەر دواکەوتنی مووچە دەڵێت " دەبوایە ئەمڕۆ مووچە دابەشبکرێت، بەڵام دابەشنەکراو، بەناراستەوخۆش وتراوە جارێ باسی مووچە مەکەن، بودجە لە بەغداوە بۆ نەهاتووە".

 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ داهاتی ئەم کابینەیە لە ئێستادا ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بۆ یەك مانگ داهاتی ئەم کابینەیە بریتیە لە :٧٠٠ ملیۆن دۆلاری فرۆشتنی نەوت و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بەغدا و نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان. کۆی گشتی داهات لە یەك مانگدا دەکاتە ١٣٠٠٠٠٠٠٠٠ یەك ملیار و سێ سەد ملیۆن دۆلار".

کازم فاروق دەڵێت "حکومەت بۆ مووچەی مانگانە پێویستی بە تەنها (٧٣٤٠٠٠٠٠٠ حەوت سەد و سی و چوار ملیۆن دۆلار) هەیە. واتە داهاتی مانگانەی ئەم کابینەیە بەنزیکەیی بەشی دوو مووچە دەکات".

 
لە کۆتاییدا دەڵێت" سەرباری ئەو هەموو داهاتە کەچی لەئێستادا بە پلان ٣٥ رۆژ جارێك مووچە دابەش دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بودجەی دیوەخانی بنەماڵەکان و دەزگا و بەرپرسە باڵاکانی خۆیان یەك سەعاتیش دواناکەوێت".




PM:10:36:06/10/2019