ترەمپ هەڕەشە لە تورکیا دەکات

دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین هەڵوێستیدا هۆشداری دەداتە تورکیا کە هەنگاوەکانی لەسنوور دەرنەچێت، ئەوەش دوای کشاندنەوەی بەشێک لە هێزەکانیەتی لە سنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیا.

 دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا نوسیویەتی، "هەروەک چۆن پێشتریش وتوومە و ئێستاش دووپاتیدەکەمەوە، ئەگەر تورکیا کارێک بکات کە من بە ژیریی بێپایانی خۆم پێموابێت سنووری بەزاندووە، ئەو کاتە ئابوورییەکەی بە تەواوی وێراندەکەم و لەناویدەبەم". 

ترەمپ لە بەشێکی دیکەی توویتەکەیدا رایگەیاند، "دەبێت تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەش ئاگاداری چەکدارە داعشە دەستگیرکراوەکان و خانەوادەکانیان بن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لەوە کاریکردووە کە هەرکەس پێشبینیکردبێت، لەوانەش کۆنترۆڵکردنەوەی 100%ـی خەلافەتەکەی داعش، ئێستا کاتی ئەوەیە کە وڵاتانی دیکەش لە ناوچەکە، لەوانەش دەوڵەمەندەکان، سنووری خۆیان بپارێزن".

بەگوێرەی زانیاریەکان هەر چەند خولەکێک دوای ئەو تویتەی ترەمپ نرخی لیرەی تورکی بەڕێژەی 1.6% دابەزی.

ئەو تویتەی ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا لەکاتێکدایە لە هەڵوێستێکی جیاوازتردا هەر ئەمڕۆ لە تویتەری خۆی نووسیویەتی، کوردەکان لەگەڵ ئێمە جەنگان، بەڵام ئێمەش پارە و چەکی زۆرمان پێدان، من ماوەی سێ ساڵی جەنگی نێوان تورک و کوردم وەستاندووە، بەڵام لەو کارە ئیتر ئێمە دێینە دەرەوە.

دەشڵێت "ئەمەریکا نیازی هەبوو تەنها 30 رۆژ لە سووریا بمێنێتەوە، بەڵام ماوەکە درێژەی کێشا. ئێمە سەربازەکانمان دگەڕێنینەوە نشتیمان، ئێمە لەو جێیە دەجەنگین کە سوودی بۆمان هەبێت و تەنها بۆ سەرکەوتن جەنگ دەکەین".

توویتەکەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، کە شەوی رابردوو یەکشەممە 6-10-2019 ئەنجامدرا، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەمزووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێدەکات.

راگەیەدراوەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدابوو، هێزەکانی ئەمریکا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ناکەن و هاوکاری نابن، هاوکات بەربەستیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دروستناکەن.

ئەو راگەیەندراوەی کۆشکی سپی و دواتریش چەند توویتێکی دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتان و سیاسەتڤانانی لێکەوتەوە.

هاوکات دوو سیناتۆری ئەمەریکایی دەڵێن هەردوو پارتی ناو کۆنگرێس سزا بەسەر تورکیا دەسەپـێنن ئەگەربێت و هێرش بکاتە سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا.

سیناتۆر گراهامی کۆماری ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئێستا قسەم کرد لەگەڵ سیتناتۆر کرێس ڤان هاڵن لە بارەی ڕەوشی سوریا.

هەردوو حزب سزا بەسەر تورکیا دەسەپـێنین ئەگەر بێت و هێرش بۆ ناو سوریا بەرێت و داواش دەکەین ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ هەڵپەسێنرێت ئەگەربێت و هێرشبکاتە سەر هێزە کوردیـیەکانی یارمەتی ئەمەریکایان داوە لە لەناوبردنی خەلافەتی داعش.


PM:07:27:07/10/2019