سەرۆک کۆماری عێراق: بەهەدەردانى خوێن کارێکى ئازار بەخشە



ئەمشەو دووشەممە کاتژمێر ٩:٠٠ بەرهەم ساڵەح، سەرۆک کۆماری عێراق سەبارەت بە دۆخى ئێستاى عێراق و خۆپیشاندانەکانی عێراق لەوتارێکدا ڕایگەیاند" گەنجان و گەلەکەمان مافی ئەوەیان هەیە گوزارشت لە بیروڕاکانیان بکەن، دەستور رێگەی بەوە داوە و هەر زەوتکردنێکی ئەو مافە جێگەی قبوڵ نییە و نا دەستورییە". 

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق لە وتارەکەیدا لەبارەى خۆپیشاندانەکانى عێراق دەڵێت"  ئەوەی روویدا لە ئامانج گرتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتی خوازو هێزە ئەمنییەکان و راگەیاندنکارو رۆژنامەنووسان بە دەستڕێژی گوللە مایەی قبوڵکردن نییە لەو عیراقەی کە بەڵێنماندا دیموکراتی بین و مافەکان و سەربەستییەکان بپارێزین و هەمووانیش پابەندبن بە دەستورو حوکمی گەل". 

هاوکات سەرۆک کۆماری عێراق ڕاشیدەگەیەنێت: ئەو گەنجانەی کە بوونە قوربانی و برینیان کەوتە جەستەیان تەنیا بە دڵنیاکردنەوەو قسەو بەڵێن ساڕێژ نابن بەڵکو پێویستە هەمووان پێکەوە برینی عیراق ساڕێژ بکەین و بەرەو پێشەوە بە ئاڵانگارییەکی بەهێز بەرەو پێش بڕۆین هەر یەکێکمان پشتی یەکتر بگرێت تا گەلەکەمان شکۆمەند بێت و دەسەڵاتی دەوڵەت بپارێزرێت لە چوارچێوەی دامەزراوەکانیدا.

لەبەشێکی تری وتارەکەیدا بەرهەم ساڵەح جەختیشی کردەوە: حکومەت و فەرماندەی هێزە ئەمنییەکان تەئکید ئەکەنەوە کە هیچ فەرمانێک وبڕیارێکی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکان نەبووە بۆ دەستڕێژی گوللەو پێشێلکاری و توندوتیژی و بە ئامانج گرتن، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە تاوانبارو ئەو کەسانەبوون کە لەدەرەوەی قانون بوون، لە رێگەی خۆمەوە وەک سەرۆک کۆمار دووپاتی دەکەمەوە کە پێویستە لەسەر هێزە ئەمنییەکانمان بە تەواوی یەکەو پێکهاتەکانییەوە بەرگریکارو داکۆکیکاربن لە گەل و مافەکەی و چارەنووسی و دەستورەکەی کە رێگری دەکات لەوانەی پێشێلی دەستور دەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن.

هەروەها بەرهەم ساڵەح، سەرۆک کۆماری عێراق دەشڵێت: ئەم ئافات و تاوانە لە ئاستیا بێدەنگ نابین و خوێنی گەلەکەمان و هێزە ئەمنییەکان ناخەینە موزایەدەو بەهەند وەرینەگرین، بڕوامان بە گەلەکەمان یەکلاکەرەوەیە، پێویستە لەسەر هەموو ئەوانەی پێشێلی قانون ئەکەن ملکەچی دەسەڵاتی دەوڵەت و قانون و دادەکەی بن. 
 


PM:10:08:07/10/2019