پەرلەمانی عێراق چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خۆپیشاندەران ده‌ركرد

پەرلەمانی عێراق كاری ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەوانی و قەزا و ناحیەكانی سڕكرد و چەند بڕیاریشی لە بەرژەوەندی خۆپیشاندەران ده‌ركرد.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی بۆ تاوتوێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران ئەنجامدا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژە بڕیارێكی ئامادە كردبوو، كە داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی لە خۆ گرتووە و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ئەو پڕۆژە بڕیارە پەسەند كرا و لەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێن.

گرنگترین بڕیارەكانی ئەمڕۆی پەرلەمان، بریتین لە سڕكردنی كاری ئەنجوومەنی پارێزگا، قەزا، ناحیە و شارەوانییەكان تا ھەڵبژاردنی داھاتوو و راسپاردنی لێژنەیەكی یاسایی بۆ كۆتایی ھێنان بە كارەكانیان، جگە لە ھەرێمی كوردستان. ھەروەھا ھەڵوەشاندنەوەی پشكنەرە گشتییەكان و نووسینگەكانیان، وەرنەگرتنی كرێی زەوییە كشتووكاڵییەكان لە جوتیاران، گرێبەست كردن لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی بە خۆبەخشی وانە دەڵێنەوە، دامەزراندندنی دەرچووانی بەشەكانی ڤێرترنەری و ئەندازیاری، كە ئێستا مانیان گرتووە، ھەروەھا بە شەھید ناساندنی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ تاوتوێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران، كۆبووه‌وه‌ و پێشبینی ده‌كرێت كۆمەڵێك بڕیاری دیكەی گرنگ دەربكرێن.




PM:06:53:08/10/2019