وەزارەتی دارایی موچە بۆ بێکاران دەبڕێتەوە

وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابووری‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ‌ بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وتووێژ ده‌رباره‌ی‌ رێكه‌وتنێك ده‌كات بۆ پێدانی‌ مووچه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو به‌بێكاران و ده‌ڵێت "رێكه‌وتنه‌كه‌ پارێزگاكانی‌ ئه‌نبار، بابل، دیاله‌، كه‌ركوك و وه‌ك قۆناغی‌ سه‌ره‌تایی به‌شێك له‌ به‌غدای‌ پایته‌خت ده‌گرێته‌وه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2019 وه‌زاره‌تی‌ دارایی عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "فوئاد حسێن وه‌زیری‌ دارایی له‌گه‌ڵ‌ نوێنه‌رانی‌ بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و وه‌زیری‌ كار و نوێنه‌رانی‌ رێكخراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كۆچ گفتوگۆیان ده‌رباره‌ی‌ رێكه‌وتنێك بۆ پێدانی‌ مووچه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو كردووه‌ كه‌ له‌ڕێیه‌وه‌ راهێنان به‌ بێكاران ده‌كرێت به‌ئامانجی‌ ئاماده‌كردنیان بۆ بازاڕی‌ كار".

دارایی عیراق ده‌ڵێت "رێكه‌وتنه‌كه‌ پارێزگاكانی‌ ئه‌نبار، بابل، دیاله‌، كه‌ركوك و وه‌ك قۆناغی‌ سه‌ره‌تایی به‌شێك له‌ به‌غدای‌ پایته‌خت ده‌گرێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌م رێكه‌وتنه‌ به‌شێكه‌ له‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ نێوان وه‌زاره‌تی‌ كار و بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ ئامانجی‌ پشتیوانیكردنی‌ ئه‌و چین و توێژانه‌ی‌ پێویستیان به‌ كاره‌ بۆ باشكردنی‌ بارودخی‌ ژیان و گوزه‌رانیان".

هاوکات فوئاد حسێن وه‌زیری‌ دارایی جه‌ختی‌ له‌ گرنگی‌ سوودبینین له‌م جۆره‌ پرۆژانه‌ كرده‌وه‌ به‌ ئامانجی‌ پشتیوانیكردنی‌ خێزانه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان و دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار بۆ لاوان و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ ئه‌م پرۆژانه‌ دوور له‌ مشتومڕی‌ و سیاسی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ ئه‌نجام بدرێت.

رۆژی شه‌ممه‌ 5ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 حكومه‌تی‌ عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆك وه‌زیران كۆبۆوه‌ و 17 بڕیاری بۆ هێوركردنه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ده‌كرد.

یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان بڕینه‌وه‌ی‌ 175 هه‌زار دیناره‌ بۆ 150 هه‌زار كه‌سی بێكار له‌وانه‌ی كه‌ توانای كاركردنیان نییه‌ و ماوه‌ی سێ مانگ ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌یان پێ ده‌درێت.
 


PM:02:16:09/10/2019