ئەنەكەسە: پەیەدە تاكڕەوە

لە بەیاننامەیەكدا، ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا "ئەنەكەسه"، پەیەدە بە "تاكڕەو" ناودەبات و  رایگەیاند، "پێویستە ئیدارەیەكی نوێ بۆ ناوچەكە درووست بكرێت و هێزێكی هاوبەشیش پارێزگاری لێ بكات".

لە بەیاننامەكەدا، ئاماژە بۆ ئەوەكراوە "هەڕەشەكانی توركیا و ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵمەتی سەربازی سەر ناوچە سنوورییەكانی باشووری لەگەڵ سووریا و لێدوانە ئیدانەكراو و نابەرپرسیارەكانی گرووپە چەكدارییەكان، نیگەرانی كردووین و خەڵكی ناوچەكەشی نیگەران كردووە، بە تایبەتی دوای بڕیاری كشانەوەی لە ناكاوی سوپای ئەمەریكا لە خاڵەكانی چاودێری سنووریی لەگەڵ توركیا، سەرەڕای ئەوەی رێككەوتنی ئەمنی هەبوو بۆ چاودێریكردنی ئەو ناوچانە.

ئەوەش هاتووە: ئەو هەڕەشانە ئەگەر جێبەجێ بكرێن، ناوچەكە رووبەڕووی ململانێی دیكە دەكەنەوە و مەینەتی زیاتر تووشی خەڵكی ناوچەكە دەكات. دەرگاش بۆ ململانێ و دەستوەردانی جیاجیا دەكاتەوە، ئەوەش بە زیان بۆ سەر پرۆسەی سیاسی لە سووریا دەشكێتەوە، كە گەلی سووریا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دوای راگەیاندنی لیژنەی دەستوور پێی گەشبینن.

لە بەشێكی دیكەی جەخت لەوەكراوەتەوە كە "چارەسەری كێشەكان و رێگرتن لە دەستوەردانی سەربازی بەوە دەبێت كە ئیدارەیەكی نوێ لە ناوچەكە درووست بكرێت، هێزێكی سەربازی هاوبەشیش بۆ پاراستنی درووست بكرێت داواش دەكەین ئەو وڵاتانەی بایەخدارن بە پرسی سووریا ئەو داوایە لەبەرچاو بگرن".

ئەنەكەسە ڕاشیگەیاندووە: پێویستە یەكڕیزی هەڵوێستی كوردی بپارێزرێت و پارێزگاری لە گەلەكەمان و دۆسییەكەی بكرێت، كە پەیەدە سیاسەتی تاكڕەوی پەیڕەو دەكرد و هیچ بوارێكی بۆ نزیكبوونەوە نەدەڕەخساند، سەرەڕای ئەوەی رێككەوتن و هەوڵی دڵسۆزانە و گەڵاڵەی گرنگ لەو بوارە هەبوون.
 


ئه‌م بابه‌ته ‌510 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:46:09/10/2019