حکومەتی هەرێم: دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سووریادا نامێنێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا پشتگیری بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربڕی و لەبارەی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش دەڵێت كە "دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سووریادا نامێنێتەوە".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق و سووریا، لەبارەی خۆپێشاندانەکانی عێراقیشەوە جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتێکدا پشتگیری لە داوا رەوا و یاساییەکانی خۆپێشاندەران دەکەن، کە بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە پێشکەشی بکەن، لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیری بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

 
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە سەرۆک وەزیران هەروەها تیشکی خستە سەر سەردانی گرنگی سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ شاندێکی باڵای دیپلوماتکار و خاوەنکارانی رووسی هاتبوو.

لەبارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی سووریاشەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کاریگەری و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سووریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بە هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن. بۆیە پێویستە کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و بڕیاری تاکلایەنەی سەربازی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ناوچەکەدا نییە.

لای خۆیەوە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی وردی دەربارەی ئامادەکاری و پێداویستییەکانی ئەگەری هاتنی شەپۆڵی پەنابەران لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرا کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتێکی لەبارەی پێشنیارەکانی وەزارەتیان بۆ پشتیوانی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران بە گوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران. ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی هاندانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت لە رێگەی پاراستنی ماف و شایستەکانیان.


 




PM:06:51:09/10/2019