تۆمەتبارێكی دۆسیەی دزینی مووچەی نەخۆشخانەی شار ئازاد کرا

وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ڕایگەیاند مانگی ڕابردوو تۆمەتبارێكی دۆسیەی دزینی مووچەی نەخۆشخانەی شار لەسلێمانی بڕیاری ئازادكردنی بۆ دەرچووە لەبەر ئەوەی بەبێتاوان ناسێندرا.

دادوەر عومەر ئەحمەد، وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ڕاگەیاندووە: یەكێك لە تۆمەتبارەكانی ئەو باندەی كە پارەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانیان دزی، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواوی ئیدانەكردن لەو دۆسیەیەدا لەلایەن دادگای تاوانی سلێمانی سێ وە ئازادكراوە.

ئەو دادوەرە بۆ "کوردیو" وتیشی: ئەو تۆمەتبارەی كە بەبێتاوان ناسێندرا بریتیە لەو ئافرەتەی كە لەگەڵ باندەكە دەستگیركران.

ڕۆژی 16ی ئازاری 2019 باندێكی شەش كەسی كە پێنج كەسیان ڕەگەزی نێرن و كەسێكیان ڕەگەزی مێ بوون، هەستان بەدزینی مووچەی نەخۆشخانەر شار لەسلێمانی و لەوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا باندەكە دەستگیركران.


 

PM:12:06:10/10/2019