مەلا مەزهەر: بەکارهێنانی سورەتی "الفتح" ستەمکردنە لە ئیسلام

مەلا مەزهەر خوراسانی لەسەر لەشکرکێشی سوپای تورکیا هاتە دەنگ و ڕایگەیاند "ئەگەر ئەوان سورەتی "فەتحیـیان" خوێندووە بۆ هێرشکردنە سەر کورد با ئێمەی کوردی موسڵمان ئازابین سورەتی (النصر) بخوێنین و بەرپەرچی ستەمکاری ببینەوە" دەشڵێت "ناتوانرێت بە ئەردۆغان بوترێت بێ باوه‌ڕ".

مەلا مەزهەر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە "سەیر لێرەدا ئەوەیە کە ئێمە وەک کورد نەمانتوانیووە کە ئاین بەکاربهێنین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، کاتێک کە ئێمە دەنگی " الله أكبر" بەرزدەکەینەوە تێیان دەگەیەنین کە ئێمە میلـلەتێکی بەش خوراوین، بەڵام نابێت حیزبەکان و سیاسەتمەداران و چەکدارانی کورد ئەجێندای وڵاتێکی تر جێبەجێ بکەن دژی وڵاتێکی تر هەروەک ئەوەی کورد داعشی تێکشکاند قازانجەکەی وڵاتێکی تر چنیەوە، دەبێت ئەمڕۆ ئێمە بەکارنەهێنن بۆ دژی وڵاتێکی تر".

مەلا مەزهەر جەختی کردەوە "بەکارهێنانی سورەتی "الفتح" ستەمکردنە لە ئیسلام و ستەم لە ئیسلامیش کراوە، ئەگەر ئێمەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەوان کاتێک سەر ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەون سورەتی "النصر"بخوێنن و دەنگی ئەڵلاهو ئەکبەرییان هەبێت بەڵام ئەگەر ئەوان دروشمی بێ دینی بەرز بکەنەوە ئەوا قسەی ئەوان زاڵ دەبێت لەناوچەکەدا و کورد خەڵتانی خوێن دەکرێت، بۆیە ئەوانەی لە فیسبوک بڵاوکراونەتەوە ئەوانە کراونەتە پاساو چونکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیاوە ئەوانە بڵاوکراوەتەوە کە "ئەوانە ئەو میللەتە دەکوژن" کە ئەوەتا سوکایەتی بەدین دەکرێت و گاڵتە بەنوێژ دەکرێت".

مەلا مەزهەر ئەوەشی وت" پێغەمبەر (د- خ) دەفەرمێت "موسڵمانان بەگژ یەکدا دەچن بکوژ و کوژراویان دەچنە دۆزەخ." بۆیە ئەوانە ئەگەر موسڵمان بن واتە تورک خۆی بە موسڵمان بزانێت وە کورد خۆی بە موسڵمان بزانێت، موسڵمان نابێت شەڕ بکەن، بەڵام لە حاڵەتی بەرگریکردن لەخۆی و ئاو و خاکی ئەگەر پڕ بەدڵ شایەتمانی هێنابێت( اشهد ان لاالە الا اللە)ی وتبێت ئەوا شەهیدە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر ئیمانی نەبێت لە هەر بەرەیەکدا بێت ئەوە پێی ناوترێت شەهید".

دەشڵێت "ئەو چەکدارە کوردانەی سوریا ستەملێکراون ئەبێت بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن کە خەڵک هاتۆتە سەرییان دەبێت بەرگری لە نیشتمان بکەن بەڵام نابێت ئەجێندای هیچ کەسێک جێبەجێ بکەن واتە شەڕەکە با بۆ میللەتی کورد بێت نەوەک ئەوەی خەڵک گاڵتەمان پێ بکات بڵێن بە چەک و پارە شەڕییان کردووە، با کارمان قۆنتەرات نەبێت بەڵکو کارمان بەرگری بێت لە نیشتمان، من سەرکۆنەی هەموو ستەمکاری و سەرکوتکردنەکانی ئەردۆغان دەکەم بۆ سەر موسڵمانان".

مەلا مەزهەر وتیشی" سوپای تورکیا عەلمانیە، بەڵام ئەردۆغان موسڵمانە دەکرێت موسڵمان " فاسد و ستەمکار" بێت، ناتوانرێت پێی بوترێت بێ باوه‌ڕ چونکە شایەتمان دەهێنێت وەک سەدام وایە پیرێکی عاقیبەت شەڕە دەبوو کە هاتە سەر حوکم کێشەی کوردی چارەسەربکردایە نەک خوێنی کورد بڕێژێت".

AM:09:32:11/10/2019