توركیا دوا ئاماری لەشكركێشیەکەی بڵاوكردەوە
وەزارەتی بەرگری توركیا دواین ئاماری لەشكركێشییەكانی وڵاتەكەی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند،"تەنها یەک سەربازیان كوژراوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری توركیا، "لە روبەروبونەوەكانی دوو رۆژی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 277 شەڕڤانی كورد كوژراون و لەبەرامبەردا سەربازێكی تورك كوژراوە و 3ی دیكەش برینداربون".
تورکیا ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی نەکردووە کە تەنها لە بۆردومانەكانی دوێنێی سوپای توركیا و گروپە هاوپەیمانەكانی 9 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیكە برینداربون.
ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگری تورکیا دوا ئەوەدێت شەوی رابردوودا لە راگەیەندراوێكدا، هێزەكانی سوریای دیموكرات رایانگەیاند،"توانیویانە لە چوارچێوەی مافی بەرگریكردن لە خۆ، زیاتر لە 150 سەربازو بەكرێگیراوی سوپای توركیا بكوژن و 9ی دیكەش بەدیل بگرن".
PM:12:01:11/10/2019