فەرماندەى گشتى هەسەدە: تورکیا هەشت گوندی داگیرکردووە



فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند" تا ئێستا تورکیا هەشت گوندى داگیرکردووە،  ڕێگەپێدانى ئەمریکاش بە بەکارهێنانى ئاسمانى ناوچەکە لەلایەن تورکیاوە دەریدەخات کە ڕێککەوتنى نهێنى لەنێوانیاندایە". 

مەزڵوم عەبدى، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بەکەناڵی عەرەبییەی ڕاگەیاندووە: لەدواى هێرشەکانى تورکیاوە، پاسەوانیکردنى دەستگیرکراوانى داعش چیتر کارى لەپێشینەیان نییە و بەهۆى بۆردومانى تورکیاوە پێنج زیندانى داعش لەیەکێک لە زیندانەکان هەڵهاتوون، هەروەها مەرجمان بۆ ئەنجامدانى دانوستان لەگەڵ تورکیا وەستاندنى هێرشەکانە.

هاوکات فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" جەختیشیکردەوە: کاروانە سەربازییەکەى ئەمریکا بەرەو گرێ سپى نەڕۆیشتووە، بەڵکو بۆ پاراستنى ئاسایشى سنورى ڕۆژهەڵاتى عەین عیسا بووە، ڕێگەدانى ئەمریکا بە تورکیا بۆ بەکارهێنانى ئاسمانى باکورى سوریا دەریدەخات کە ڕێککەوتنى نهێنى لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە. 

هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆ میدیا جیهانییەکان باسیان لەوەکرد کە هێزێکی ئەمەریکی لە عەینەل عیساوە بەرەو شوێنی شەڕەکە ئەڕۆن، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەتورکیا دەڵێن بۆستە، چونکە چوونی ئەو هێزە بۆ ئەوێ تورکیا ناچار دەکات لە لەشکرکێشێکەی بۆستێت، کە ئەمەش بە تازەترین پەرەسەندن دانرێت. 

ماوەى سێ ڕۆژە سوپاى تورکیا هێرشێکى بەرفراوانى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە و هێزەکانى هەسەدەش رووبەڕووى بوونەتەوە، تا ئێستاش شەڕ و پێکدادانى سەخت بەردەوامە. 




.




PM:11:01:11/10/2019