بارزانی: ناکۆکییەکان بەلادابخەین ‌و هەمووان هەوڵبدەین شەڕ رابگیرێت

لەنوێترین راگەیاندنیدا مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم داوا دەکات ناکۆکییەکان بخەینە لاوەو دەڵێت "، هەمووان کاربکەین تا ئەو شەڕە رابگیرێت".

لە نوێترین پەیامیدا، کە سێ هەم پەیامە بەهۆی لەشکركێشی سووپای تورکیاوە بڵاویکردۆتەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەڵێت" هۆكارەكانی ئەو شەڕە هەرچییەك بووبن و هەر لایەنێك كەمتەرخەم بووبێت یان دەستی لەم دۆخە ترسناكە هەبووبێت، ئێستا كات، كاتی موزایەداتی بێهوودە و بۆچوونی عاتیفی و هەڵچوون نییە. كاتی ئەوەیە كە هەموو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و ڕێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت".

دەقی پەیامەکە
 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سەرباری ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو هەوڵی زۆرمان دا كە شەڕ و ناسەقامگیری لە گەلی كورد لە سووریا دوور بكەوێتەوە و چیتر نەهامەتی و كارەسات ڕوو نەدەن، بەڵام بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ناوچە كوردنشینەكانی باكووری سووریا تووشی پەلاماردان و دۆخێكی مەترسیدار بوونەتەوە.

بەردەوامبوونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی زۆر جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و لایەنەكان ڕابگەیێنم كە، هۆكارەكانی ئەو شەڕە هەرچییەك بووبن و هەر لایەنێك كەمتەرخەم بووبێت یان دەستی لەم دۆخە ترسناكە هەبووبێت، ئێستا كات، كاتی موزایەداتی بێهوودە و بۆچوونی عاتیفی و هەڵچوون نییە. كاتی ئەوەیە كە هەموو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و ڕێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت.

مسعود بارزانی
12ـی 10ـی 2019

 


PM:12:00:12/10/2019