جۆ بایدن: ترەمپ دەستکەوتەکانمانی لە جەنگی دژی داعش خستوەتە مەترسییەوە


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی تشرینی یەکەم جێگری پێشووی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند"  ترەمپ دەستکەوتەکانمانی لە جەنگی دژی داعش خستوەتە مەترسییەوە، هەروەها هێزەکانمانی لە ناوەڕاستی جەنگێکدا جێهێشتوە و هیچ پلانێکی نیە جگە لە کشانەوە". 

جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا یەکێک لە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە هەژماری فەڕمی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی "تویتەر" سەبارەت بە رەوشی سوریا و هێرشەکانی سەر هەسەدە نوسیوێتی و دەڵێت" ترەمپ خیانەتی لە هاوپەیمانەکانمان هێزەکانی سوریای دیموکرات کردوە و دەستکەوتەکانمانی لە جەنگی دژی داعشی خستوەتە مەترسییەوە، هەروەها هێزەکانمانی لە ناوەڕاستی جەنگێکدا جێهێشتوە و هیچ پلانێکی نیە جگە لە کشانەوە".  

جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: ترەمپ وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە پاراستنی وڵاتەکەمان و هیزەکانماندا شکشتیهێناوە. 

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند" کوردەکان و تورکیا چەندین ساڵە لە جەنگدان لە دژی یەکتری، ئێمە لایەنگری لەنێوان هیچکامیاندا ناکەین، بەڵکو بەوردی چاودێری ئەو جەنگە بێ کۆتاییە دەکەین". 

نۆی ئەم مانگە سوپای تورکیا بە پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانی و دواتریش زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات دەستپێکردوە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" دایە.






AM:10:53:14/10/2019