ترامپ بەتەلەفون پەیوەندی لەگەڵ مەزلوم کوبانێ دەکات
ترامپ داوا لە ئۆردوغان دەکات دەستەبەجێ لەشکرکێشی راگرێت

ئەمشەو ١٥ ی تشرینی یەکەم کۆمەڵێک پەرەسەندنی گەورە لە پایتەختی ئەمەریکا، واشنتۆنەوە لەبەرژەوەندی کوردانی رۆژئاواو زەرری تورکیا و ئۆردوغان روویان دا.

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ پەیوەندی کردووە بە ئۆردوغانەوەو پێیراگەیاندووە، دەستەبەجێ دەبێت شەڕ رابگرێت.
هەروەها مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند" سەرۆک ترامپ پەیوەندی تەلەفونی بە مەزلوم کوبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کردووە".
  
ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا واژوی لەسەر سزادانی تورکیاو سەرکردەکانی دەرکرد بەهۆی ئەو لەشکرکێشیەی کردوویەتیە سەر رۆژئاوای کوردستان.
لە میدیاکانی ئەمەریکادا بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە کە ترامپ واژووی لەسەر سزاکانی سەر تورکیا کردووە کە تیایدا هاتووە:
- بەپێی بڕیارەکە ئابڵوقەی ئابوری بەسەر بەرپرسانی ئێستا و پێشووی حکومەتی تورکیا و هەر کەسێك کە بەشێک بێت لە کردەوەکانی تورکیا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کە ناسەقامگیری دروست کردووە دەسەپێنم.
- باجی سەر بەرهەمی ئیستیلی تورکیا زیاد دەکرێتەوە بۆ ٠٥٪ پاش ئەوەی مانگی ئاب کەم کرایەوە.
- وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەجێی کۆتایی دەهێنێت بە گفتوگۆکانی کە وەزارەتی بازرگانی بەڕێوەی دەبات بۆ رێکەوتنێکی ١٠٠ ملیار دۆلار لەگەڵ تورکیا.


 - ئەمریکا ئابڵوقەی بەهێزی زیاتر بسەپێنێت بەسەر ئەو کەسانەی بەشدار بوون لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ، رێگری لە ئاگربەست، رێگری لە ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، بە زۆر ناردەنەوەی پەناهەندەکان، یان هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیر لە سوریا. بڕیارەکە دەسەڵاتی کۆمەڵێک ئاکام دیاری دەکات لەوانەش ئابڵوقەی ئابوری، بلۆک کردنی موڵک، و رێگری بۆ چوونە ئەمریکا.


- هەروەها لە راگەیاندنەکەدا هاتووە "تورکیا نابێت دەستکەوتی سەرکەوتن بەسەر داعش دا بخاتە مەترسیەوە. هەروەها تورکیا دەبێت ئەولەویات بدات بە پاراستنی خەڵکی مەدەنی، بە تایبەت کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکان. بە ئامانج کردنی خەڵکی مەدەنی،  ژێرخانی مەدەنی، بە ئامانج کردنی کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکان قابیلی قبوڵ نییە. زیاد لەوەش، گەڕانەوەی پەناهەندەکان دەبێت بە شێوەیەکی سەلامەت و خۆبەخشانە و بە کەرامەتەوە ئەنجام بدرێت.


هەروەها هاتووە" هێرشە سەربازییەکەی تورکیا خەڵکی مەدەنی خستوتە مەترسییەوە و هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە. من بە تەواوی راشکاو بووم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆگان: کردەوەکانی تورکیا دەبێت هۆی قەیرانی مرۆیی و زەمینەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دروست دەکات. تورکیا دەبێت سەلامەتی خەڵکی مەدەنی مسۆگەر بکات، لە ناویاندا کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکان، و ئەو ئێستا و لە داهاتوودا بەرپرسیارە لە بەردەوامیدان بە زیندانیکردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا. بەداخەوە، وا دەردەکەوێت تورکیا کاریگەری مرۆیی داگیرکارییەکەی سنوردار نەکردووە.


ترامپ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، من ئەو سەربازانەی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا ماون دەکشێنمەوە. هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شکستی بە خەڵافەتی جوگرافی داعش هێناوە. ئەو سەربازانەی ئەمریکا کە دەکشێنەوە هەر لەو ناوچە جێگیر دەکرێنەوە. بۆ چاودێری دۆخەکە و رێگری لە دوبارەبونەوەی ئەوەی ٢٠١٤ روویدا کاتێک هەڕەشەی داعش پشتگوێ خرا و سوریا و عێراقی گرتەوە. ژمارەیەکی کەم سەرباز لە بنکەی " تەنەف " لە باشوری سوریا دەمێننەوە بۆ بەردەوام بوون لە رێگری لە پاشماوەکانی داعش.

 


AM:02:22:15/10/2019