پەرلەمانتارێك دەنگی بە ڕاسپاردەكانی پەرلەمان لەبارەی ڕۆژئاواوە نەدا

ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە ڕاسپاردەكانی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان نەدا و هۆكارەكەی ئاشكرادەكات.

ئەبوبەكر هەڵەدنی بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "دەنگم نەدا بەڕاسپاردەكانی ئەمڕۆی پارلەمان لەبەرئەوەی كۆبونەوەكە دوای حەوت ڕۆژ لەشەڕ و كاولكاری ئەنجامدرا و بەهیچ شێوەیەك لەڕاسپاردەكاندا ناوی سوپای توركیا نەهاتوە،لەكاتێكدا بەقورسترین وپێشكەوتووترین چەكی سەربازی ڕووبەرووی گەلێكی سڤیل بۆتەوە كەلەسەر خاكی خۆی دەژی و داوای كەرامەت و ئازادی خۆی دەكات".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو كە لە زۆر ڕووداوی دیكەدا هەڵوێستی لە پەرلەمانتارانی دیكە و تەنانەت لە فراكسیۆنەكەشی جیابووە وتی "دەبوایە لەڕاسپاردەكاندا جەخت بكرایەتەوە لەهەردوو بڕیاری پێشووی پارلەمان ژمارە(٣٧)ی ساڵی (٢٠٠٣) كە داوای چونەدەرەوە و گەڕانەوەی سوپای توركیا دەكات بۆ توركیا و بڕیاری ژمارە(٢٤)ی ساڵی (٢٠١٤) كە حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بەداننان و پاڵپشتی شێوازی خۆبەڕێوەبردنی گەلی ڕۆژئاوای كوردستان و بەپێی توانای دارایی خۆی هاوكاری پێویست پێشكەش بە ڕۆژئاوای كوردستان بكات".

سەرەڕای سەرنجەكانی لە ڕاسپاردەكانی پەرلەمان وتیشی "ڕێز لە دەنگی خوشك و برا هاوكارەكانم لەپەرلەمان دەگرم، بەڵام پێم وابوو قەبارەی كۆستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكەی ڕۆژئاوا لێی دەخواستین هەڵوێستمان ڕاشكاوانەتر و بەهێزتر بوایە".

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دۆخی رۆژئاڤای كوردستان كۆبوەوە و رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان پەیامێكی بەناوی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دۆخی رۆژئاڤا خوێندەوە و دواتریش لەكۆی 97 ئەندامی ئامادەبوو بەدەنگی 96 ئەندام پەرلەمان پەسەندكرا.

 


PM:03:34:15/10/2019