نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی رۆژئاوا بۆ پەرلەمان: بۆچی لە١٢ راسپاردەدا ناوی تورکیاتان نەهێناوە

د. جاویدان کەمال ئەندامی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستان، داوای روونکردنەوە لە پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت" بۆ لە ١٢ راسپاردەی پەرلەمانی کوردستان ناوی تورکیا نەهاتووە؟".

لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی کوردستان کە د. جاویدان کەمال بەناوی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی رۆژئاواوە لە باشوری کوردستان نێردراوە بۆ ماڵپەڕی "سپی میدیا" هاتووە" ئێوە لە بیر خۆتان بردۆتەوە کە "(تورکیا)" یە ھێرش ئەکاتە سەر رۆژئاوایی کوردستان و ئەیەوێت داگیری بکات و گۆرانکاری دیموغرافی بەدیھێنانی جینۆساید و ئەنفالی دیکە لە سەر گەلی کورد دروست بکات".

هەروەها لەو نامەیەدا د. جاویدان کەمال ئەندامی نوێنەرایەتی کانتۆنەکان دەڵێت" بۆچی له ۱۲ راسپارده کانی ئەمرۆ ناوی "(تورکیا)" نەھێندرا ؟!... ئایا ئەترسن کە (تورکیا) دەروازەی ابراھیم خەلیل دابخات؟!... یان ... ئەترسن تورکیا ھێرش بکاتە سەر باشوری کوردستان و داگیری بکات ؟!".

دەقی نامەکە... 
 
نامه یه ك بۆ بەرێز ... پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان وە ئەندامانی کە ئەمرۆ لە بەرواری ٢٠١٩/١٠/١٥ دانیشتن ...

سەرەتا دەست خۆشیتان لێ ئەکەم بۆ ئەم ھەلوێستەی ئەمرۆتان بۆ یارمەتیدان و پاراستنی رۆژئاوایی کوردستان، هه ر لێره وه ئەمەوێ پێتان بلێم ،کە ئێوە تەنھا نوێنەرایەتی خەلکی باشور ناکەن ئێمەش لە پارچەکانی تری کوردستان ئێوە بە نوێنەری خۆمان ئەزانین ، وە دلنیاشتان ئەکەمەوە کە بە نەوەی نوێی کورد نالێین کە ئێوە لە بیر خۆتان بردۆتەوە کە "(تورکیا)" یە ھێرش ئەکاتە سەر رۆژئاوایی کوردستان و ئەیەوێت داگیری بکات و گۆرانکاری دیموغرافی بەدیھێنانی جینۆساید و ئەنفالی دیکە لە سەر گەلی کورد دروست بکات .. بەلکو پێیان ئەلێین لە بیرتان چووە ،بەلام ئێمەش دلنیاین کە خەلکی باشوری کوردستان کە دەنگیان بە ئێوە داوە لە بیریان نەچوە کە "(تورکیا)" یە ئەو تاوانە قێزەونە ئەکات لە نیشتمانەکەمان.

لەگەل ئەمەشدا پرسیارێکم لا دروست ئەبێت ...! {بۆچی له ۱۲ راسپارده کانی ئەمرۆ ناوی "(تورکیا)" نەھێندرا ؟!... ئایا ئەترسن کە (تورکیا) دەروازەی ابراھیم خەلیل دابخات؟!... یان ... ئەترسن تورکیا ھێرش بکاتە سەر باشوری کوردستان و داگیری بکات ؟! خۆ ھاولاتیانی کوردستان کەمپینی بایکۆتی کرینی کالایی تورکیان راگەیاندووە ، ھەرچەند ئێمە پێمان وایە تورکیا لە رۆژئاوایی کوردستان ناوەستێ بەلکو گەمارۆیی لەسەر باشوریش توند تر ئەکات ... 'خۆ تورکیا بەشێک لە خاکی ھەرێمی کوردستانی داگیر کردووە وە بنکە سەربازیەکی یەک جار زۆری ھەیە ' 

ھەرچەند مایەیی دلخۆشی بوو کە ھەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان یەک دەنگ بوون بۆ پشتیوانی رۆژئاوایی کوردستان، ھیوادارم ئەو خالانەی لەسەر رێکەوتون بە تایبەتی ھەولدانی دیبلۆماسی بۆ وەستاندنی ئەم کۆمەل کوژیە کە ئاراستەی گەلەکەمان کراوە.

لەگەل ئەوەشدا بیرتان نەچێ بەھەموو دونیا بلێن ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان **(کێشەی ئاو و خۆراکمان نیە ، بەلکو برسی و تینوی ئازادی و سەرفرازین ).
‎لە گەل رێزدا

جاویدان كمال 15/10/2019

 


AM:12:11:16/10/2019