لایەنە سیاسیەکان جگە لە نەوەی نوێ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و پرسی ڕۆژئاوای کوردستانیان تاوتوێ کرد.

لەبارەی ناوەرۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کە ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، دڵشاد شەهاب ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەی لایەنەکاندا لە تەوەری یەکەمدا لەبارەی چۆنیەتیی یەکخستنی توانا ناوخۆییەکانی خۆمان باس کران، بۆ ئەوەی لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکاندا هەموو لایەنەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە ڕاوێژ لەگەڵ یەکتری بکەین و یەک هەڵوێستی بنوێنین".

ئاماژەی بەوەشکرد "سەرجەم ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بە پێویستیان زانی ئەمجۆرە کۆبوونەوانە بە شێوەیەکی دەورەیی و بە ڕێکوپێکی و سکرتاریەتێک کاروبارەکانی ڕێک بخات و ئەجێندای تایبەت بە خۆی هەبێت و هەرکات هەر بارودۆخێکی پێویست بێتە ئاراوە، ئەو کۆبوونەوانە ئەنجام بدرێن". 

دڵشاد شەهاب وتیشی "لەبارەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو، باس لەوە کرا کە تواناکانی هەرێم یەک بخرێت و هەوڵ بدرێت بۆ هەموو لا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هاوپەیمانییەکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا پێک بهێندرێت و پێکەوە داوای مافەکانی گەلی کوردستان بکرێت و لە مەسەلەی بودجە و لە مەسەلەی جارەسەکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی وکردستان بەپێی دەستوور و لە هەر پۆرسێکی تر کە مافی هەرێمی کوردستانە، سوود لە تواناکانی هەرێم لە بەغدا وەربگیرێت و لە سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و حکوومەتی ناوەندی و نوێنەرانمان لە پەرلەمان".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد "لەبارەی ڕەوشی ئاڵۆزی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان هەڵسەنگاندنێکی واقعبینانە کرا و هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێم وەکوو قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری و نیشتمانی ببێتە شوێنی کۆکەرەوەی سەرجەم بیروبۆچوونەکان و کۆبوونەوە داوای کرد کە هەموو تواناکانی هەرێم بخرێنە گەڕ تاکوو هەرچی زووە شەڕ لەو ناوچەیە کۆتایی پێ بێت، چونکە دەرەنجامەکانی شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکات و داوای جارەسەری ئاشتیانە و ڕێگەی گفتوگۆ و زامنکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان کرا کە لەژێر هەڕەشەی شەڕ دان".

وتیشی "جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو توانا دیپلۆماسی و سیاسی و تەنانەت توانا مرۆییەکانیشی بخاتە گەڕ بۆ هاوکاریکردنی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە".

جێی ئاماژەیە نەوەی نوێ بانگهێشتی کۆبوونەکە کرابوو بەڵام بەدار نەبوون.


 


PM:03:53:16/10/2019