تورکیا هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات
وەزیری دەرەی تورکیا هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت "تورکیا تۆڵەی ئەو سزایانە لە ئەمریکا دەکاتەوە کە سەپاندویەتی بەسەر وڵاتەکەماندا بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەمان".
ئەمڕۆ چوارشەممە مەولود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا تۆڵەی ئەو سزایانە دەکاتەوە، کە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی فورات، بەسەر وڵاتەکەماندا سەپاندویەتی.
هاوکات ئەوەشی رونکردەوە، هەمو ئەو فشار و سزایانەی کە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا و جیهانەوە کراون بۆ سەر تورکیا جێی قبوڵکردن نیە.
ئاماژەی بەوەشکرد لەئیستادا پەیوەندیەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و تورکیا بە رەوشێکی ناسکدا تێپەر دەبێت، ئێمە چاوەروانی ئەوەمان لە کۆنگرێسی ئەمریکا هەیە لەهەڵوێستانە پاشگەز ببێتەوە کە پەیوەندی نێوانیان تێکدەدات.
وتیشی، ئەم پەیامەم بە شاندی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان دەگەیەنم، کە لەلایەن مایک بینس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوتون.
بڕیارە سبەی شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە مەبەستی تاوتوێکردنی راگرتنی هێرشەکانی سەر باکوری سوریا لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە سەردانی ئەنقەرە دەکات و هەر ئەمڕۆش ئەردۆغان ڕایگەیاند کە لەگەڵ ترەمپ نەبێت لەگەڵ هیچ وەفدێکی ئەمریکی کۆنابێتەوە.
PM:05:20:16/10/2019