شاسوار عەبدولواحید بۆ دەزگا ئەمنیەکان: چۆن بە ٢٠ خولەک گەیشتنە ئەو ئەنجامە

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر مەرگی ئامانج و خێزانەکەی هاتە دەنگ و دەڵێت "ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بڵاویان کردۆتەوە لە ئێستادا ئەوپەڕی بێرێزیە بەرامبەر بەو ئەزیزانە".

شاسوار عەبدولواحید لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەوالی مەرگتان شۆکی کردووم و مرۆڤ نازانێت چی بڵێت و هیچ وشەیەکم نییە کە گوزارشت لە ناخم بکات، هاوخەمی خۆمان و پشتیوانیمان بۆ خانەوادە بەرێزەکانیان رادەگەیەنین و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین و لەگەڵیاندا دەبین تا دەگەینە ئەنجامی کۆتایی و دۆزینەوەی بکوژان".

هەروەها ڕایگەیاندووە "تا ئێستا چاوەڕوان بوین و بەردەوام ماوەی چەند کاتژمێرێکە خەریکی بەدواداچونین بۆ ئەم بابەتە، بەڵام ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بڵاویان کردۆتەوە لە ئێستادا ئەوپەڕی بێرێزیە بەرامبەر بەو ئەزیزانە و بەرامبەر بەو خوێنەی کە بە ناحەق رژاوە.هەمو ئەم بڵاوکردنەوانەی دەزگا ئەمنییەکان هێندەی تر گومان دروست دەکەن و وامان لێ دەکات کە بە گومانی زیاترەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین".

دەشڵێت "هێشتا زوو بوە بۆ دەزگا ئەمنییەکان و بۆ ئەو رونکردنەوە شپرزانە، بە بێ ئەوەی تەحقیق تەواو بوبێت و تەنانەت بە بێ ئەوەی شیکاری بۆ تەرمەکان کرابێت، چۆن بە ٢٠ خولەک دەزگا ئەمنیەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بڵاوتانکردۆتەوە لە کاتێکدا ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە ئیشی چەندین رۆژ و هەفتە و مانگە و دەبوو دادگایەکی بێ لایەن و جیهەتی بێلایەن ئەو بریارە بدەن پاش لێکۆڵینەویە ورد!!!".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "کۆمەڵێک گومانی زۆرمان کۆکردۆتەوە تایبەت بەو بابەتە و کەناڵی ئێن ئار تی و تیمی پارێزەرانمان و دۆستان و خۆشەویستان خەریکی لێکۆڵینەوەی جیاوازترن لە لێکۆڵینەوەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی".

لەکۆتاییدا دەڵێت "ئەوەی رویداوە یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لێی بەرپرسن تا ئەو ساتەی جیهەتی بێلایەن لێکۆڵینەوەی ورد دەکات (دور لە دەستی حیزب و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی)".

شەوی ڕابردوو ئامانج بابانی و خێزانەکەی لە نزیک تێرمیناڵی شارەزوور لە ڕووداوێکی تەقەکردندا گیانیان لەدەستدا و دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی ڕایانگەیاند "ڕووداوەکە خۆکوژی بووە بەجۆرێک ئامانج هاوسەر و منداڵەکەی کوشتووە دواتر خۆی کوشتووە".
 


AM:06:45:17/10/2019