پرتەقاڵ میوەیەکی زستانەی بەتامە و خواستێکی زۆری لەسەرە، رەنگە پێمان وابێت کە تەنها بەرگری لەش دژی نەخۆشیەکانی ئەنفلۆنزا یان سەرمابوون بەرزدەکاتەوە، بەڵام سوودەکانی پرتەقاڵ جۆراوجۆرن چ بۆ قژ یان پێست یان لەش.
سوودە نایابەکانی پرتەقاڵ:
پرتەقاڵ بڕێکی زۆر پێکهاتەی دژە ئۆکسانی تێدایە، ئەمەش یارمەتی جوانی و مانەوەی پێست دەدات بە گەنجی، هاوکات لە نەخۆشیە درێژخایەنەکان دەیپارێزێت.
میوەیەکە دەوڵەمەندە بە پێکهاتەی خۆراکی بەسوود وەک ڤیتامین ئەی و سی و پۆتاسیۆم، هەربۆیە گرنگە رۆژانە یەک پرتەقاڵ بخۆیت.
یەکێکی دیکە لە سوودەکانی ئەم میوەیە چالاکبوونی مێشک و بەهێزکردنی یادگایە، چونکە ترشی فولات و فولیکی تێدایە، کە بۆ خانمانی دووگیان پێویستە و کۆرپەلە لە نەخۆشیەکانی مێشک دەپارێزێت.
پرتەقاڵ بۆ دڵ پێویستە، چونکە ماددی "فلادونوید"ی تێدایە کە یارمەتی راگرتنی رێژەی کۆلیسترۆڵ دەدات لە خوێن و پاراستنی خوێنبەرەکان و راگرتنی پەستانی خوێن.
بەپێی توێژینەوەکان بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆر لە ماددە ریشاڵیەکان گەدە دەحەوێنێتەوە و ئەگەری تووشبوون بە قەبزی کەمدەکاتەوە، ئەگەر رۆژانەش بەشێوەیەکی رێکخراو شەربەتی پرتەقاڵ بخۆیت، ئەوا لە نەخۆشیەکانی جگەر بەدووردەبیت.
ماسکی پرتەقاڵ دەبێتەهۆی کردنەوەی رەنگی پێست، هەربۆیە توێکەڵەکەی وشک بکەرەوە و بیهاڕە، پاشان یەک کەوچک ماستی تێبکە و بۆ ماوەی 10 خولەک بیدە لە پێست.
ئەو کەسانەی قژیان هەڵدەوەڕێت، دەتوانن بایەخ بە خواردنی پرتەقاڵ بدەن، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی، کە بەرهەمی کۆلاجین دەپارێزێت.
تێبینی: کاتێک توێکڵی پرتەقاڵ لێدەکەیتەوە ئاگاداری توێکڵە تەنکەکەی ناوەوەی بە، چونکە زۆرترین پێکهاتەی خۆراکی تێدایە زیاتر لە ناوخانەکەی.