بەڕێوەبەرێکی شارەوانی بەتۆمەتی "گەندەڵی" لە كارەكەی دوورخرایەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند بەهۆی كەمتەرخەمی و گەندەڵی و گلەیی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەری یەكێك لە شارەوانییەكانی سەر بە وەزارەتەكەی لە شاری ھەولێر، لەسەر كارەكەی دوورخستەوە.

میدیای پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بڵاویکردەوە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە رێگەی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەت بەڕێوەبەری یەكێك لە شارەوانییەكانی لەسەر كارەكەی دوورخستەوە و هاوكات لیژنەكەش بەردەوام دەبێت بۆ لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو بەرپرسانەی گومانی بواردان بە زێدەڕۆیی و گەندەڵییان لێدەكرێت و كەمتەرخەمی لە ئاست خزمەتكردنی هاووڵاتییان دەنوێنن، یان لە سەرپەرشتی پڕۆژەکان لە ئاستی لێپرسراوێتی و پاراستنی مافەکانی حکوومەت و خەڵکدا نین.

سەرچاوە باڵاكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، راشیگەیاندووە: لیژنەكە لە كارەكانی بەردەوامە و لە چەند رۆژی ئایندەشدا لێكۆڵینەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی دیكەی فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت دەكرێت و چەندان بەرپرس و بەرپرسی ھۆبە و فەرمانبەری دیكەش لەسەر كارەكانیان دووردەخرێنەوە و ئەگەری زیندانیكردنیشیان هەیە لە ڕێگەی دادگاکانەوە. هاوكات سەرچاوەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، جەختیشی كردەوە لە کاتێکدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانەکانی بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بەردەوامە، بە هەموو شێوەیەكیش رێكاری یاسایی لە دژی هەموو ئەو بەڕێوەبەر و بەرپرس و فەرمانبەرانەی دەگرێتەبەر كە بە نایاسایی و دوور لە ڕێکاری وەزیفی کارەکانیان ئەنجام داوە و بواریان بە زێدەڕۆیی و گەندەڵی داوە، یان لە ئاست كارەكەیاندا لەبەرامبەر خەڵک و لە ئاست پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی کەمتەرخەم بوونە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: لیژنەكە چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكات و بە جۆرێك هەر فەرمانبەرێک لە ھەر ئاستێکی وەزیفە، كەمتەرخەمی یان گەندەڵی لەسەر ساغبێتەوە یان كاروباری خەڵكی بە باشی رایی نەكردبێت و گلەیی زۆری لەسەر بێت، یان لەسەرپەرشتی پڕۆژەکان کەمتەرخەمی نواندبێت، دەمودەست لەسەر كارەكەی دووردەخرێتەوە.


PM:04:38:18/10/2019