ئەم پاستایە تامێکی خۆشی هەیە و ڕەنگی لە پاییز دەچێت و پێکهاتەکەشی بەرهەمی میوەی پاییزە، ئەم ژەمە بۆ ٤ کەس دەبێت و زۆر ئاسانە و پێویستی بە ١٠ خولەکە تا ئامادە دەبێت.
سەرەتا دەبێت هەریسەی کودوەکە حازربکرێت، پێویستمان بە کودوێکی بچووکە ودەبێت لەت لەت بکرێت و لە تۆوەکەی ناوی پاک بکرێتەوە، ئێستا بەتوێکڵەوە دەخرێتە ناو سینیەکەوە و یەک تۆز ( نیو سم) ئاوی تێ دەکرێت و بە کاغەزی برژاندن دادەپۆشرێت و دەخرێتە ناو فڕنێکی ٢٢٠ پلەوە تا ئامادە دەبێت و توێکڵەکەی لادەبردرێت.
پێکهاتەکان:
٣٥٠ گرام سپاگێتی کوڵاو و ئامادەکراو
١ کوپ و نیو هەریسەی کودو
نیو کوپ لە ئاوی ماکەڕۆنیەکوڵاوەکە
نیو کوپ پەنیری پارمیزان
١/٤ کوپ شیری چەور
١/٤ کوپ کرێمی چێشت
١ دەنک سیری جنراو
گەڵای رۆز ماری
٢ کەوچکی خواردن زەیتی زەیتون
١ کەوجکی بچووک سرکەی سپی
بیبەری ڕەش
خوێ
ئامادەکردن:
لە کاتی کوڵانی ماکەڕۆنییەکە لە تاوەیەک بەجیا گەڵای رۆزمارییەکە لەناو ٢ کەوچک زەیتی زەیتوون سووردەکەینەوە، بەڵام نابێت گەڵاکە بسوتێت ، تەنها دەمانەوێت زەیتەکە تامی گەڵای رۆزماری بگرێت وکاتێک ڕەنگی تۆزێک گۆرا لەڕۆنەکە هەڵی دەچنین.
ئێستا هەریسەی کودوەکە دەکەینە ناو تاوەکە و تێکی دەدەین تاوەکو لەگەڵ ئەو زەیتەی ماوە باش تێکەڵ دەبێت.
سیرە جنراوەکە و سرکەکە تێدەکەین و تێکی دەدەین و دوای یەک خولەک شیر و کرێمەکەی تێ دەکەین و تۆزێك خوێ و بیبەری رەشی بۆ زیاد دەکرێت و تێکیان دەدەین تاوەکو باش تێکەڵ دەبن و بەشێک لە پەنیری پارمیزانەکەی تێ دەکەین و تێکیان دەدەین تاوەکو هەموو پێکهاتەکە وەکو کرێمی لێ دێت.
نیو کوپی ئاوی ماکەڕۆنییەکە بۆ سۆسی هەریسەی کرێمەکە زیاد دەکەین و تێکی دەدەین تا تێکەڵ دەبێت.
ئێستا ماکەڕۆنیەکە ئامادەبووە و تەواو لە ئاوەکەی دەپاڵیورێت و لەگەڵ هەریسەکە تێکەڵ دەکرێت و دخرێتە ناو دەفری پێشکەش کردن و بە کەمێک پەنیری پارمیزان دەرازێنرێتەوە.