سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەست لەکاردەکێشێتەوە

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستلەکاردەکێشێتەوە و دوو کەسی دیکە تا ئێستا وەک شوێنگرەوەی باس دەکرێن.

سەرچاوەیەکی سیاسی باڵا بە سپی ڕاگەیاند دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ئان و ساتدایە و شیعەکانیش بە خودی سیستانی-یەوە کۆکن لەسەر لابردنی ناوبراو لە پۆستەکەی.

ئەو سەرچاوەیە سەبارەت بە جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی جەختیکردەوە تا ئێستا بەدیاریکراوی شوێن گرەوەی دیاری نەکراوە بەڵام هەریەکە لە فالح فەیاز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قوسەی سوهەیل کە لە ڕابردوودا لە ڕەوتی سەدر و دواتر حزبی دعوەی ئیسلامی کاریکردووە و لە ئێستادا وەک کەسێکی سەربەخۆ خۆی نیشان دەدات ئەگەری کاندید بوونیان هەیە بۆ ئەو پۆستە.

PM:07:47:20/10/2019