ئەردۆغان: ئەگەر ئەمریکا بێبەڵێن بێت ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێدەکەینەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەر لەوەی فڕۆکەکەی بەرەو سۆچی بفڕێت رایگەیاند، چاوەڕێدەکات لەگەڵ پووتین لەسەر کۆمەڵێک پرس رێکبکەون بەتایبەت ناوچەی ئارام دەشڵێت "ئەگەر ئەمریکا بێبەڵێن بێت ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێدەکەینەوە".

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاگەیاند 800 شەڕڤانی هەسەدە کشاونەتەوە و هەزار و 300 شەڕڤانیشیان ماون ناوچەکە جێبهێڵن.

دەشڵێت "چاودێری ئاگربەستەکە دەکەین، ئەگەر ئەمریکا بێبەڵێن بێت، ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێدەکەینەوە". 

سەبارەت بە داوای ماکرۆن بۆ درێژەدان بە ئاگربەست، رەجەب تەییب ئەردۆغان رایگەیاند "ماکرۆن هیچ داوایەکی وەهای لەمن نەکردووە، بەڵام بۆ بابەتی ئاگربەست هاوتای ئێمە ئەمریکایە نەک فەرەنسا".

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئەردۆغان وتی "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جۆنسن داوای لێکردووم کۆبوونەوەی سێقۆڵی بکەین، پێموت دەکرێت کۆبوونەوەکە بکەین، بەڵام دەبێت ئەو کۆبوونەوەیە لە ئیستەنبووڵ یان دیلۆک یان روو‌ها بکرێت". 

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژە بەوەش دەدات، ئەوان هەمیشە پشتیوانی ئێران بوون، بەڵام لێدوانەکانی ئێران مایەی نیگەرانین و دەشڵێت "بە بێزارییەوە گوێم لە هەندێک دەنگی دژی ئۆپەراسیۆنەکانمان دەبێت، داوا لە رووحانی دەکەم بێدەنگیان بکات، جگەلەوەی خۆم بە تووندترین شێوە ئیدانەی ئەو دەنگانە دەکەم، چونکە ئێران باش دەزانێت هەڵوێستی تورکیا لەکاتی گەمارۆکانی ئێران چی بووە".

ئەوەش لەکاتێکدایە کاتژمێر 10:00ی ئەمشەو وادەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان تورکیا و ئەمریکا لەبارەی ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان کۆتایی دێت. 


PM:12:39:22/10/2019