فەرهاد پیرباڵ كاتی مردنی دیاری كرد


نووسەر، لێکۆڵەر، شاعیر، فەیلەسووف، شانۆکار، گۆرانیبێژ، مامۆستاى زانکۆ و هونەرمەند فەرهاد پیرباڵ كاتی مردنی دیاری دەكات كە ساڵی داهاتووە و كارەكانی خێرا دەكات.


نووسەر و شاعیر و مامۆستای زانكۆ فەرهاد پیرباڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەواڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" نوسینێکی ئاشکراکردووە و دەڵێت" من شانسێکم هەیە ئەویش ئەوەیە کەمن ڕۆژی مردنی خۆم دەزانم کە ڕۆژی "٢١ی ١١ی ٢٠٢١"، ئەمەش وام لێدەکات هەمیشە بەجۆرە هەستێکی ڕازییەوە بژیم و بەخۆم بڵێم ئەوبەروارەی مردنم زۆر گونجاوە". 


فەرهاد پیرباڵ لە نوسینەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو: ئەمە وام لێدەکا زۆر بایەخ بە زەمەن بدەم، چونکە پێویستە فریا بکەوم هەموو ئەو پڕۆژە و کار و ئاواتانەم پێش ئەو بەروارە تەواوکردبێ، بۆیە وابزانم عەینەن شێتم لێهاتووە و نیگەرانم هەمیشە بەپەلەم و دەمەوێ جیهان تەنیا بە هێز و ئیرادەی خۆم و بەو شێوەیەی تەنیا خۆم دەمەوێ وا بێت! یان وای دروست بکەم! هەر ئەمەشە کە ئێوە دەڵێن گوایە من پێش ئێوە و پێش ڕووداوەکان کەوتووم و پێش سەرکردەکانی کورد کەوتووم بە قەڕنێک! .. من خۆم ناکوژم: من مەوعیدم لەگەڵ خودا هەیە. 


فەرهاد پیرباڵ نووسەر، لێکۆڵەر، شاعیر، فەیلەسووف، شانۆکار، گۆرانیبێژ، مامۆستاى زانکۆ و هونەرمەند. خەڵکی باشووری کوردستانە. ساڵی ١٩٦١ لە ھەولێر لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٤ لە زانکۆی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٨٤ چووەتە ڕیزی یەکیەتیی نووسەرانی شاخەوە، ھەر لە ناو یەکیەتیی نووسەرانی شاخیش یەکەمین کتێبی چاپ کردووە، کە شانۆنامەیەکە بە ناونیشانی "ماڵئاوا ئەى وڵاتەکەم". ئەو لەناو ئەوەی خزمەتی سەربازیی ڕژێم نەکات چووەتە ئێران، ھەشت مانگ لە ئێران ماوەتەوە. دوایی چووەتە ئەڵمانیا ئینجا دانمارک و دوو ساڵ لەوێ ماوەتەوە بە زەمالەی حکوومەتی فەڕانسا کە لەلایەن ئەنیستیتۆی کوردی پاریسەوە دابەش دەکرا، چووەتە فەڕەنسا بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە فەڕەنسا ماوەتەوە.


فەرھاد پیرباڵ ھەتا وەرزی یەکەمی ٢٠٠٩ چل و سێ کتێبی نووسیوە و بڵاو کردوەتەوە. تازەترین کتێبی فەرھاد پیرباڵ ناوی "حەکایەتەکانی باوکم"ە، کە ڕۆمانێکی ٤٥٠ لاپەڕەییە. 




PM:02:06:23/10/2019