لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ڕوونكردنەوە دەدرێت

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی عێراق رەتیكردەوە كە عادل عەبدولمەهەدی بەرنامەی دەستلەكاركێشانەوەی هەبێت، چونكە پێیوایە وازهێنان لەم كاتەدا هەڵهاتەنە لە لێپرسراویەتی.

بەنگین رێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی عێراق بە كەناڵی عێراقییەی فەرمی ڕاگەیاندووە "حكومەتی عێراق زۆرینەی بەڵێنەكانی كە بە خۆپیشاندەرانی داوە خستویەتیە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەوانەی ماون بەمزوانە دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت".

ئەوەش لە كاتێكدایە لە بەشێكی زۆر لە تۆڕەكۆمەڵایتییەكان گەنجانی عێراق بانگەشەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەكەن لە رۆژی هەینی 25ی تشرینی یەكەمدا كە چاوەڕوان دەكرێت هەمان داواكاری خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگەیان هەبێت.

یەكی ئەم مانگە خۆپیشاندان لە زۆرینەی شارو شارۆچكەكانی ناوەڕاست و خواری عێراق دەستپێكرد و ماوەی هەفتەیەك بەردەوم بوو، خۆپیشاندانەكان توندوتیژی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە 110 كەس گیانیان لە دەستدا و نزیكەی شەش هەزار كەسیش برینداربون.

 


PM:03:00:23/10/2019