نێچیرڤان بارزانی بەشداریی لە هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر دەکات


هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە ماراسۆنەکەی ئەمساڵ ٣٥٠٠ کەس بەشداربوون و سێ پێشبڕکێ لەسەر سێ ئاستی جیاواز ئەنجامدران.


لەم ماراسۆنەدا سێ پێشبڕکێ له‌سه‌ر ٣ ئاستی جیاواز ئەنجامدەدرێت و لەلایەن ١٥٠ ناوبژیوانەوە سەرپەرشتی پێشبڕكێكان دەكرێت، ئاستی نیو ماراسۆن مەودایەکەی ١٢ کیلۆمەتر دەبێت و لە شەقامی ٤٠ مەترییەوە دەستپێدەکات و راکەرەکان بە دەوری شەقامی ٦٠ مەتری رادەكەن و لەناو پارکی سامی عەبدولرەحمان كۆتایی دێت، خاوەنی پلەی یەکەم ٧٠٠ دۆلار وەردەگرێت و براوەی دوەم ٥٠٠ دۆلار و سێهەمیش ٤٠٠ دۆلار وەردەگرێت. 


نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە بەشداریكردنی دەڵێت" من كاتێك بینیم لە پێناو پاك و خاوێنی ژینگە، بۆیە پێمخۆش بوو بەشداری بكەم، پێمخۆشە ئێمە هەموو هەوڵێك بدەین بۆ پاراستنی ژینگە، هیوادارم ئەمە دەستپێكێك بێت لەرووی پەروەردەییەوە بۆ پاراستنی ژینگە".

 

له‌وه‌ته‌ی ساڵی ٢٠١١ەوە ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر ساڵانە بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ هەشتەمین وەشانی ماراسۆنەکە دەکرێت، کە ساڵانە هەزاران کچ و کوڕ بەشداریی ئەم ماراسۆنە دەکەن و یەکێکە لەو ماراسۆنە باوەڕپێکراوانەی لە جیهاندا راکەرێکی زۆری بیانی لەپێناوی بەشداریکردن تیایدا دێنە هەولێر.





AM:10:42:25/10/2019