یەپەژە داوای پاراستنی ژیانی ژنە شەڕڤانێکیان دەکات کە لەدەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندایە

یەپەژە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکات، دەستوەردان لە پاراستنی ژیانی چیچەک کۆبانێ بکات کە ئێستا بە برینداری کەوتووەتە دەست گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا.

فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە رۆژی دووشەممەی رابردوو 21ی تشرینی یەکەم، سوپای تورکیا هێرشیکردەسەر گوندی میشراقەی سەر بە شارۆچکەی عەین عیسا و شەڕڤانانیش بەرپەرچیانداونەتەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا "چیچەک" برینداربووەو کەوتووەتە دەست گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکان.

فەرماندەیی هێزەکانی یەپەژە رایدەگەیێنێت: لەکاتێکدا ئەو هێرشە ئەنجامدراوە کە وادەی ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و تورکیا تەواو نەبووە، شەڕڤانانیش تەنیا بەرگرییان کردووە و تورکیا و گرووپە چەکدارییەکانیش بەرپرسن لە هێرشەکە.

لە راگەیێندراوەکەدا فەرماندەیی هێزەکانی یەپەژە هۆشداری ئەوەش دەدات کە چیچەک ژیانی لە مەترسیدایە و پاراستنی گیانی لە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بەپێویستیشی دەزانێت، دەستوەردانی بەپەلە بکرێت و فشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ ئازادکردنی ئەو شەڕڤانە.

هەروەها داواش لە ژنانی جیهان دەکات، لەئاست ئەو پێشێلکارییانە بێدەنگ نەبن کە بەرامبەر ژنان دەکرێت لە رۆژئاوای کورستان، بەتایبەت ئەوانەی کە سنگی خۆیان ناوەتە بەر گوللە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و سەروەری خاکەکەیان.

دوابەدوای بەدیلگرتنی شەڕڤان چیچەک کۆبانێ، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دیمەنێکی چیچەکیان بڵاوکردەوە کە بە برینداری بەدیلیان گرتووەو تیایدا هەڕەشەی کوشتنی لێدەکەن و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی نادیارە.


PM:06:15:25/10/2019