پۆلیسی سلێمانی: سێ تۆمەتباری‌ بە ڕەگەز ئێرانی دەستگیر كرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی چوار تۆمەتبار دەستگیر كرد كە سیانیان بە ڕەگەز ئێرانین و كاری سیحر و جادویان كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، تیایدا هاتووە "لە چالاكییەكدا مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشنی‌ تاوانی‌ سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی سێ تۆمەتباری‌ بە ڕەگەز ئێرانییان دەستگیر كرد، كە لە هەولێر لەژێر ناوی‌ كاری‌ تەڕدەستی‌ (سیحر و جادوو) بەفێڵ پارەیان لەهاووڵاتییان وەرگرتبوو".

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای‌ تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ هاووڵاتییەك كە لە یەكێك لە پرۆژەكانی‌ نیشتەجێبوون لە سلێمانی‌ ئامێرێكی‌ ڕووپێوی‌ لێ دزراوە، مەفرەزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەست پێ كرد و توانرا كەسێك بە تۆمەتی‌ بردنی‌ ئامێرەكە دەستگیر بكرێت‌، مەفرەزەكانی‌ پۆلیس توانییان دەست بگرن بەسەر ئامێرەكەدا كە نرخەكەی‌ دەگاتە بڕی‌ 15 هەزار دۆلاری ئەمریكی.


PM:02:34:27/10/2019