لەسەر داوای مەتین دلۆڤان بارزانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پێنج ڕۆژنامەنوس دەردەچێت

لەسەر داوای مەتین دلۆڤان بارزانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پێنج ڕۆژنامەنوس دەردەچێت و یەکێکیان دەسگیرکرا.

له‌سه‌ر سكاڵای مەتین دلۆڤان بارزانی فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەریەكە لە (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی "درەو میدیا" و ڕۆژنامەنوس، هێمن مامه‌ند دەرچوو.

هاوکات ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019 هه‌ریه‌ك له‌ رۆژنامه‌نوسان نیاز عه‌بدوڵا و هێمن مامه‌ند له‌ به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بوون و به‌ بڕیارى دادوه‌ر رۆژنامه‌نوسى یه‌كه‌میان به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكرا و بڕیارى ده‌ستبه‌سه‌ركردنى دووه‌میشیان درا.

گۆران دیبه‌گه‌یی، پارێزه‌ری ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌  رایگه‌یاند: رۆژنامه‌نووس هێمن مامه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه‌ و به‌پێی مادده‌ی دوو له‌ یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستگیركراوه‌.

وتیشی "هاوكات رۆژنامه‌نووس نیاز عه‌بدوڵا-ش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بانگهێشتی دادگا كرابوو، به‌ڵام به‌ كه‌فاله‌تی پێنج ملیۆن دینار ئازادكرا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ده‌ستگیركردنی هێمن مامه‌ند به‌بڕیاری دادگا بووه‌، به‌ڵام به‌پێی یاسا نابێت رۆژنامه‌نووس ده‌ستگیربكرێت، چونكه‌ خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ربچێت، به‌ڵام پێویسته‌ به‌ راسته‌وخۆ به‌ كه‌فاله‌ت ئازادبكرێت، به‌ڵام دادگا پێشێلی ئه‌و یاساییه‌ی كردووه‌.

هاوكات پارێزەر رێبین سەباح، پارێزەری دۆسیەكە رایگەیاند: داوامانكرد كە دادگا لەجیاتی ئەوەی بەپێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی موبایل دادگایی بكرێن بەپێی یاسای رۆژنامەنووسی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بەڵام داواكەمان رەتكرایەوە و بە بریاری دادوەری لێكۆڵینەوە هێمن مامەند ماوەی هەشت رۆژ راگیرا.

 

سكاڵاكە پەیوەندیدارە بە هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانی سەبارەت بە رووداوی كوشتنی دیپلۆماتكارێكی توركیا لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە هەولێر.

 


PM:06:02:27/10/2019