کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی پەیامێکی بڵاوکردەوە


‎ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێکی سەبارەت بە کوشتنی سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بڵاوکردەوە و دەڵێت"  كوشتن و لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ گەلی كوردستان".


کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: ئەو گەلەی بەنوێنەرایەتی هەموو دنیاو بەهاوكاری هاوپەیمانان شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی جیهانی كردو سەدان ڕۆڵەی قارەمان و گیانفیدامان بوونە قوربانی دڕندایەتییەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستیە.


جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ڕاشیگەیاند: دواجار ئیرادەی گەلەكەمان و ئازادیخوازانی دنیا سەركەوت و كۆتایی ڕەش و تاریكیش بۆ تیرۆرستان و تاریكپەرستانە ‎وێڕای دەستخۆشیمان لە هاوپەیمانان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دووپاتی دەكەینەوە پێویستە بازنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو لەناوبردنی بیری توندڕەوی یەكجارەكی فراوانتر بكرێ و هەوڵی زیاتر بخرێتەگەڕ بۆ كۆتایی هێنان بەتیرۆرستان و پاراستنی جیهان لە پیلانگێڕییەكانیان، ئێستاش مەترسییەكانی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە. 


بەرەبەیانی رۆژی یەک شەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتد، تیمێکی یەکەی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی بەناوی "دەلتا فۆرس" ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کوشت. 


هاوکات بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی"شەرقولئەوسەت"، ئەبوبەکر بەغدادی پێش کوژرانی، "عەبدوڵڵا قارداشی" بۆ جێگرتنەوەی خۆی لە خەلیفایەتیی داعش هەڵبژاردبوو.
 


AM:11:21:28/10/2019