وه‌زیری‌ به‌رگری‌ روسیا: هەسەدە لە ناوچەی ئارام کشاوەتەوە

سێرگی‌ شویگۆ، وه‌زیری‌ به‌رگری‌ روسیا رایگه‌یاند هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات به‌ر له‌ واده‌ی‌ دیاریكراو له‌ ناوچه‌ی‌ ئارامی‌ باكووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سوریا كشانه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ روسیا له‌ وتووێژه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ داڤید تونویان هاوتا ئه‌رمه‌نییه‌كه‌ی‌ وتی‌ "كاتێكی‌ زوو كشانه‌وه‌ی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌و ناوچانه‌ی‌ بڕیاره‌ بكرێنه‌ ناوچه‌ی‌ ئارام ته‌واو بوو و پۆلیسی‌ سه‌ربازی‌ روسیا و پاسه‌وانی‌ سنووری‌ سوریا چوونه‌ ئه‌و ناوچانه‌".

 
ئەو وتانەی ناوبراو دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "سه‌باح"ی تورکی خلووسی ئاكار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگه‌یاند، "پێده‌چێت هێشتا هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ له‌ ناوچه‌ی ئۆپراسیۆنی توركیا مابنه‌وه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌وان پاشه‌كشه‌یان نه‌كردووه‌".

ئاکار وتیشی "نزیكه‌ی هه‌زار چه‌كداری یه‌په‌گه‌ له‌ ته‌ل ره‌فعه‌ت و ژماره‌یه‌كیشیان له‌ منبج ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌ردوو ناوچه‌كه‌ش ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی ناوچه‌ی ئارام بن، كه‌ توركیا و رووسیا له‌ باره‌یه‌وه‌ رێككه‌وتوون".

رۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 هه‌ریه‌ك له‌ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا له‌ "سوچی" رێككه‌وتن، له‌ ماوه‌ی 150 كاتژمێردا، هێزه‌ كوردییه‌كان به‌ قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری توركیا دوور بكه‌ونه‌وه‌ و ئه‌مڕۆش ئەو وادەیە کۆتاییهات.

دوای ئه‌و واده‌یه‌، بڕیاره‌ ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی رووسیا و توركیا به‌ قوڵایی 10 كیلۆمه‌تر له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان سووریا و توركیا ده‌ست به‌ كاره‌كانیان بكه‌ن.

 


PM:06:44:29/10/2019