ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سزادانی تورکیای پەسەندکرد
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ ژمارەیەک سزای بەسەر تورکیادا سەپاند، هۆکارەکەشی بۆ هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەگەڕێتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆبونەوەی رۆژی سێشەممەدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد، کە داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا سزای زیاتر بەسەر بەپرسانی ئەنقەرەدا بسەپێنێت.
پرۆژە یاساکە بە دەنگی 403 ئەندام بەبەڵی و 16 دەنگیش بە نەخێر پەسەندکرا و باس لەوە دەکات، پێویستە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تورکیا رابگیرێت و داواش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کراوە زانیاری تەواو لەسەر داهاتی ئەردۆگان و بەرپرسانی تری تورکیا لە ئەمریکا بداتە کۆنگرێس بەمەبەستی سەپاندنی سزا بەسەر ئەوانیشدا.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە بڕیارەکەیدا داوا دەکات سزای ئەو بەرپرسە تورکیانەش بدرێت کە راستەخۆ لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا بەشداربون "پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا ناوەکان رەوانەی کۆنگرێس بکرێت"،.
بڕیارەکە وەزیری بەگری، سەرۆک ئەرکان و دوەم بەرپرسی باڵای سوپای تورکیا و چەندین بەرپرسی دیکەش دەگرێتەوە کە راستەۆوخۆ لە هێرشەکان بۆ سەر باکوری سوریا بەشداربون، هاوکات داواش دەکات سزا بەسەر ئەو بانکانەدا بسەپێنرێت کە مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری تورکیادا دەکەن.
کۆنگرێس داواش دەکات بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس-400ی روسی لەلایەن تورکیاوە سزا بەرپرسانی باڵای ئەنقەرە بدرێت.
هاوکات کۆنگرێس جینۆسایدی ئەرمەنەکانیش پەسەند کرد، کە بەپێی سەرچاوە مێژوییەکان، لە 24ی نیسانی 1915 زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار مرۆڤ بهر له كهوتنی دهوڵهتی عوسمانی کۆمەڵکوژكران.
ئەوە لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کورد و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناوچەکانی باکوری سوریا زیاتر لە 300 هەزار کەس ئاوارە بون و بە سەدان هاوڵاتی برینداربون و دەیان هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون، بەو هۆیەش ئەندامانی کۆنگرێس لە سەرەتای هێرشەکانەوە داوای سەپاندنی سزایان بەسەر تورکیادا دەکرد.
PM:06:35:30/10/2019