بەغداد... هێزە ئەمنییەكانی عێراق تەقە لە خۆپیشاندەران دەكەن



كەناڵی سكای نیوز بڵاویکردەوە: هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغداد کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ کەس برینداربوون.

 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد" لەسەر پردی سنەكیش توندوتیژی روویداوە كاتیێك خۆپیشاندەران ویستوویانە پردەكە تێبپەڕێنن، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رووبەڕوویان بوونەتەوە و لە ئاكامدا خۆپیشاندەرێك كوژراوە و ٧٠ی دیكەش بە هۆی گازی فرمێسكڕێژەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون".

 

رۆژی هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

 

هاوکات بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە وتارێکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عبدولمەهدی رایگەیاند" پێشێلکاری بەرامبەر خۆپیشاندران قبووڵناکەن و رێگەنادەن هێرشبکرێتە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و دامەزراوەکانی دەوڵەت، لەگەڵ ئەوانەشدا خۆپیشاندان بە مافی رەوای هەموو هاووڵاتیانی عێراق دەزانێت".

 

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو: مووچەی پلەباڵاکان بۆ نیوە کەمدەکەینەوە، ئاستی مووچەکان لێک نزیک دەکەینەوە، لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەک هەلی کار دەڕەخسێنین و مووچەی ١٣٠ هەزار دیناری بۆ هەر بێکارێک دەبڕینەوە.








PM:10:04:30/10/2019