داوای داخستنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت

د.محەمەد علی، هەڵسوڕاوی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ ڕێزگرتن لەدەنگدەران و پاراستنی لانی كەمی شكۆی پەرلەمانی كوردستان، داخستنی ئەم دامەزراوەیە  بۆكاتێكی نادیار دەبێتە باشترین بڕیار".

 

سەبارەت بە هۆكاری ئەو ڕەخنە زۆرەی لە پەرلەمان د.محەمەد علی لە نوسینێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە "پەرلەمانێك نەتوانێت بەیەك وشەش باسی بودجە و پەسەندكردنی بكات، ئەوا قسەكردن لە چاكسازی و بنەبڕكردنی گەندەڵی و شەفافیەت دەبێتە گەورەترین چەواشەكاری و نەبونی ئەم دامەزراوەیە باشترە لەبونی". 

 

هەروەها دەڵێت "بۆ چەندین ساڵە دەرچوانی زانكۆ دانامەزرێن، بەڵام كوڕی سەرۆكی ھەرێم بەبڕوانامەی بەكالۆریۆسەوەو بەپێچەوانەی یاساوە، دەبێت بەسەرۆكی زانكۆ! ئایا لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت بەدواداچون  بكات بۆ ئەم كەیسە؟".


ناوبراو كە بەر لە دەستلەكاركێشانەوەی لەو حزبە ڕێكخەری ژووری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕانبوو وتیشی "پەرلەمانێك و لیژنەكانی نەتوانن چاودێری سەرۆكی حكومەت و كابینەكەی بكەن، پەرلەمانێك بەنیازی نوسینەوەی دەستورێكی نادیموكرات بێت، داخستنی دەبێتە پێویستیەكی مێژویی".

 


PM:03:20:31/10/2019