ئەسۆشییەتد پرێس کۆبوونەوەیەکی نهێنی قاسمی سلێمانی لەبەغدا ئاشکرا دەکات

ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێسی ئەممەریکی کۆبوونەوەیەکی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئاشکرا دەکات کە سەردانی بەغدای كردووە و رۆژێك دوای سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەیەكی ئەمنی لە بەغدا، توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران زیادیكردووە.

 
ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس، لە زاری دوو لێپرسراوای باڵای عێراقییەوە بڵاویكردەوە، مانگی رابردوو لە رێگای هێلیکۆپتەرەوە، قاسم سولەیمانی بە سەردانێكی كتوپڕ گەیشتووەتە بەغداو لە ناوچەی سەوز كۆبوونەوەیەكی نهێنی ئەمنیی ئەنجام داوە.

 
ئاژانسەکە ئەوەش دەخاتە روو دوو لێپرسراوەكە كە داوایانكردووە ناویان ئاشكرا نەكرێت‌و  بەشداربووانی كۆبوونەوەكە سەریانسوڕماوە كاتێك بینیویانە لەبری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، قاسم سولەیمانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی كردووە كە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر خۆپیشاندانەكان.

 
لەو کۆبوونەوەیەدا، سولەیمانی بە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی راگەیاندووە: ئێمە لە ئێران دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتییەكاندا بكەین و ئەوەش لە ئێران روویدا و بارودۆخەكەمان كۆنترۆڵ كرد".

 
لە راپۆرتەكەی ئەسۆشییەتد پرێسدا هاتووە، رۆژێك دوای سەردانەكەی سولەیمانی بۆ بەغدا، توندوتیژیی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران زیادیكردووە و بە هۆی تەقەی قەناس بەدەستەكانیشەوە، لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا نزیكەی 150 كەس كوژران.

 

 


PM:09:24:31/10/2019