هەسەدە رایدەگەیەنێت لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا هێزەکانیان گورزی کوشندەیان لە سووپای تورکیاو هاوپەیمانە ئیسلامییەکانی داوە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریا دیموکرات رایگەیاند هێزەکانیان بەرگری دەکەن لەو هێرشانەی لەلایەن سووپای تورکیا و هاوپەیمانە ئیسلامییەکانەوە دەکرێتە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان وژمارەیەکی بەرچاو چەکداریان لەناوچەکانی ئەبوراسین و کرێ سپی و کوبانێ کووشتووە.
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە لە ناوچەی ئەبو راسین تورکیا و هاوپەیمانە ئیسلامییەکانی بە ٥٠ تانکی سەربازیەوە هێرشیان کردە سەر گوندەکانی ( عنق هەوا، خربە جمو) کە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی سووپای سوریان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنیان، بەڵام هێزەکانیان بەرپەرچایان داونەتەوەو ژمارەیەکی بەرچاو لە هێرشبەرەکان کوژراون و تانکێکیش تەقێنراوەتەوە.
لە قۆڵی گرێ سپی و کوبانێ، چەکدارەکانی هێزە ئیسلامییەکان ژمارەیەکی زۆریان بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا پەلاماری گوندی ( عفدکی و جارقلی و بربریە) یان دا، هێزەکانی هەسەدەش لە پێگەی بەرگریەوە بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوەو شەڕێکی زۆر قورس بەرپابوو، ژماریەکی زۆر لە هێزە هێرشبەرەکان کوژران.
هەسەدە رایدەگەیەنێت لەو شەڕانەدا ٥ شەڕڤان شەهیدبوون و ٥ تریش برینداربوون.