خۆپیشاندان لە بەغداد دەستیپێکردەوە


بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان ئەمڕۆ هەینی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ خۆپیشاندان لە بەغدا و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق دەستیپێکردەوە، سەرەڕای قەدەغەی هاتووچۆ لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆش خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر مانەوە.


هەر پەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هاتووچۆکردنی قەدەخەکردبوو، بەڵام تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەغدا خۆپیشاندان بەردەوام بوو، ئەمڕۆش بە هەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر ئامادەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ملیۆنی. بۆ یەکەمجارە بەبێ پاڵپشتی هیچ حیزب و کەسایەتیەکی سیاسی خۆپیشاندانی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت.


رۆژی هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.


هاوکات بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە وتارێکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عبدولمەهدی رایگەیاند" پێشێلکاری بەرامبەر خۆپیشاندران قبووڵناکەن و رێگەنادەن هێرشبکرێتە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و دامەزراوەکانی دەوڵەت، لەگەڵ ئەوانەشدا خۆپیشاندان بە مافی رەوای هەموو هاووڵاتیانی عێراق دەزانێت".


سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو: مووچەی پلەباڵاکان بۆ نیوە کەمدەکەینەوە، ئاستی مووچەکان لێک نزیک دەکەینەوە، لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەک هەلی کار دەڕەخسێنین و مووچەی ١٣٠ هەزار دیناری بۆ هەر بێکارێک دەبڕینەوە. 










AM:11:14:01/11/2019