دەستەی نەزاهەی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانیە دەرکرد

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ شەممە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە تۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵاتی خۆیان بۆ بەفیڕۆدانی سامانی وڵات، دەستەی نەزاهەی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانیە دەرکرد.

 

ئەمڕۆ شەممە دەستەی نەزاهەی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانیە دەرکرد، بەتۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵاتیان لە بەفیڕۆدانی سامانی وڵاتدا.

 

هاوکات دوێنێ هەینی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی گشتی، كە وەزیرێك و پێنج پەرلەمانتاری ئێستا و دوو وەزیری پێشوو لەنێویاندایە، دەستەی دەستپاكی لە عێراق، فەرمانی دەستگیركردن و لێپێچینەوەی بۆ ٦٠پەرلەمانتار و بەرپرسی ناوخۆیی وڵات دەركرد. 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو: لەنێو ئەو بەرپرسانەدا کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، وەزیرێکی ئەم کابینەیەی حکومەت و دوو وەزیری کابینەکەی عەبادی، هەروەها پێنج ئەندامی ئەم خولەی پەرلەمانیشی تێدایە”.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، وێڕاى ئەو هەنگاوانەى حکومەتى عێراق، تا ئێستا خۆپیشاندانەکانى عێراق بەردەوامییان هەیە و خۆپیشاندەران تا ئێستا وەڵامێکییان وەرنەگرتووە کە جێی ڕەزامەندییان بێت.

 
 

 


PM:02:01:02/11/2019