بەڕێوەبەری خۆسەر: نەتەوەیەکگرتووەکان لایەنگری تورکیایە

بەڕێوەبەری خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕەخنە لە بێدەنگی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەگرێت لەبەرامبەر پیلانەكانی توركیا بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی كە بەهۆی لەشكركێشییەكەیەوە داگیریكردوون.

لە راگەیەنداراوێکدا، بەڕێوەبەری خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هۆشداری دەدات لەوەی، توركیا ئامانجییەتی شووناسی ئەو ناوچانە بگۆڕێت كە لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیری كردوون، ئەویش لە ڕێگەی هێنانەوەی ئاوارە سوریاییەكانی كە لە توركیا بوون، لە كاتێكدا نزیكەی 300 هەزار كەسی دانیشتووی ئەو ناوچانە لە ئێستادا ئاوارەبوون.

بەڕێوەبەری خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەوەش دەخاتەڕوو، حكومەتی ئەنقەرە دوای داگیركردنی (سەرێكانی و گرێ‌ سپی) و بە ئامانجگرتنی دانیشتووانەكەی و ئاوارەبوونی نزیكەی 300 هاووڵاتی مەدەنی نیشتەجێی ئەو ناوچانە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەوڵدەدات لە ڕێگەی هێنانەوەی زیاتر لە 3 ملیۆن ئاوارەی سوریایی كە لەوڵاتەكەیدا نیشتەجێن، لەو پێگە جوگرافییە دیاریكراوە نیشتەجێبكات، كە ئەمەش بۆ خۆی كارەساتێكە.

بەڕێوەبەری خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات ڕێگری لە ڕوودانی ئەو كارەساتە بگرن كە ڕووبەڕووی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەبێتەوە، هەروەك داواش لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، كار بكات بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەكەی توركیا بكات كە ئامانج لێی دروستكردنی ململانێی مەزهەبیی و نەتەوەییە و تێكدانی ڕاستییە مێژووییەكانە.

بەڕێوەبەری خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەوەشدەخاتەڕوو، بێدەنگی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبەرامبەر پێشێلكارییەكانی توركیا بە پشتگیری كردن لەو وڵاتە ئەژماردەكرێت و وا دەردەكەوێت كە ئەو ڕێكخراوە پاڵپشتی لە توركیا دەكات بۆ ڕاگواستنی دانیشتووانی ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 


AM:12:11:03/11/2019