پارێزگاری سنە پیرۆزبایی لە سلێمانی دەكات

پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان پیرۆزبایی لە شاری سلێمانی دەكات بەبۆنەی تۆماركردنیەوە لەلایەن یونسكۆوە لە ریزبەندی شارە داهێنەرەكانی جیهان وەك شارێكی ئەدەبی.
 
بەهمەن مورادنیا پارێزگاری سنە لە پیرۆزبایی نامەیەكدا بۆ پارێزگاری سلێمانی، پیرۆزبایی لە هەرێمی كوردستان و پارێزگارو دانیشتووانی شاری سلێمانی دەكات و هیوادەخوازێت "ئەم شارە خۆشەویست و مێژووییە (سلێمانی) لە خولقاندن و بەرهەمهێنانی ئاسەواری شاز و ناوازەدا وەكوو رابردوو بەردەوام بێت و هونەری كوردی رۆژ لەدوای رۆژ قۆناخەكانی سەركەوتن ببڕێت و لە گەشەكردندا بێت".
 
رۆژی 30ـی ئۆكتۆبەری 2019 رێكخراوی یۆنسكۆ، ناوی شارە داهێنەرەكانی جیهانی بڵاوكردەوە، شاری سلیمانی لە باشووری كوردستان وەك شاری ئەدەبی و شاری سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان وەك داهێنەر لەبواری میوزیك ناویان چووە ناو لیستەكەی یونسكۆ لەناو شارە داهێنەرەكانی جیهان.

PM:03:31:03/11/2019