کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی بەڕێوەچوو و هەریەکە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لهبارەی رەهەندە گشتییەکانی یاساکە و تایبەتمەندییە یاسایی و کارگێڕییەکەی کرا.
جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پەلە بکرێت لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی وەك یەکێك لە کارە لەپێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەند کردنی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، چاکسازی پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و پێویستە بە زووترین کات پڕۆژە یاساکە ئامادە بکرێت و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
وتیشی: چاکسازی دەبێ دادپەروەریی تێدا بێت و نابێت هیچ کەسێکی شایستە مافی بفەوتێت، بەڵام لە هەمانکاتدا رێگەش بە کاری نایاسایی و ناڕەوا نادرێت.
لیژنەی ئامادەکردنەوەی پڕۆژە یاسای چاکسازی وەك بەشێکی گرنگی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و بە سەرۆکایەتی وەزیری داد پێکهێنراوە.
PM:05:57:03/11/2019