دەستەی نەزاهەی عێراق بانگێشتی ٢٦ بەرپرس دەکات بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵی

دەستەى نەزاهەى عێراق رایگەیاند" بۆ لێپرسینەوە لەسەر تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە، بانگھێشتی ٢٦ بەرپرسی عێراقی لە پارێزگای دیالە کراوە".

 

ئەمڕۆ هەینی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە راگەیەندراوێکدا  دەستەی نەزاهەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمڕۆ بڕیاری دادگا دەرچووە بە بانگھێشتکردن و لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و دوو جێگرەکەی، ھەروەھا ئەندامانی تری ئەنجوومەنەکە، کە ژمارەی ھەموویان ٢٦ کەسە، بەپێی ماددەی ٣٤٠ و لەسەر تۆمەتی گەندەڵی".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی دوێنێ هەینی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی گشتی، كە وەزیرێك و پێنج پەرلەمانتاری ئێستا و دوو وەزیری پێشوو لەنێویاندایە، دەستەی دەستپاكی لە عێراق، فەرمانی دەستگیركردن و لێپێچینەوەی بۆ ٦٠پەرلەمانتار و بەرپرسی ناوخۆیی وڵات دەركرد. 


رۆژی هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، وێڕاى ئەو هەنگاوانەى حکومەتى عێراق، تا ئێستا خۆپیشاندانەکانى عێراق بەردەوامییان هەیە و خۆپیشاندەران تا ئێستا وەڵامێکییان وەرنەگرتووە کە جێی ڕەزامەندییان بێت.




AM:11:10:08/11/2019