ئیلهام ئەحمەد داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەندامبوونی تورکیا بووەستێندرێن

ئەمڕۆ شەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات ''مەسەدە'' لە چاوپێکەوتنێکیدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند" پێویستە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بووەستێندرێن".

 

لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسه‌رۆكی ده‌سته‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات ''مەسەدە'' ئاماژەی بەوەشکرد" كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا مه‌ترسییه‌ و پێویسته‌ وڵاتانی ئه‌وروپا هۆشیاربن و هێز ره‌وانه‌ی سنووره‌كانی توركیا و رۆژئاوای كوردستان بكه‌ن".

 

ئیلهام ئەحمەد جەختیشیکردەوە: پێویستە یەکێتیی ئەوروپا تووندتر لەگەڵ تورکیا مامەڵە بکات، چونکە ئەگەر بەو جۆرە نەبێت زوو رووبەڕووی هەڕەشەیەکی نوێ دەبێتەوە، ئەویش هەڕەشەی گەڕانەوەی چەکدارانی داعشە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە پێویستە یەکێتی ئەوروپا ئه‌ندامبوونی تورکیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بوه‌ستێنێت.

 

لە سەرەتایی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ ھێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە زۆربەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كشانەوە. دواتر ئەمەریكا بڕیاریدا بەشێك لە ھێزەكانی بمێننەوە، بۆیە ھێزەكانیان رەوانەی ھەندێك كێڵگە نەوتییەكانی رۆژئاوای كوردستان كردەوە.

 


 



PM:05:15:09/11/2019