خۆپیشاندەران ئێزگەیەکی حكومییان داخست

ئەمڕۆ یەک شەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ خۆپێشاندانەكانی عێراق كەوتە ناو ١٧مین رۆژییەوە و تا دێت گوشاری خۆپێشاندەران، بەتایبەتی لە بەسڕە، بەرەو دامەزراوە ئابوورییەكان ئاراستە دەكرێت، بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی ناوچەکە ئەمڕۆ خۆپیشاندەران  ڕادیۆی دیوانیەیان کۆنتڕۆڵکرد، كە رادیۆیەكی حكومییە لە پارێزگاكە و كارمەندەكانیان ناچاركردووە باڵەخانەكە چۆڵبكەن و پەخشی ڕادیۆكە ڕابگرن.

 

هەروەها سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، هۆكاری ئەوهێرشانەی خۆپیشاندەران دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی ڕادیۆكە بەرامبەر خۆپیشاندەران كە سووكایەتی پێكردوون.

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 

 

هاوکات ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند" بەهۆی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیكی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی شاری بەغدا، 308  كه‌س كوژراون، هه‌روه‌ها 15‌ هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون".

 

دوێنێش له‌ ئه‌نجامی بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران 7 كه‌س كوژران و 100ـی دیكه‌ش بریندار بوون.

 



PM:12:54:10/11/2019