"سپی" هۆکاری سەردانێکی نهێنی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم کۆبانێ ئاشکرادەکات

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و مەزڵوم کۆبانێ بەنهێنی هاتۆتە هەرێمی کوردستان "سپی" ووردەکاری و ئامانجی ئەو سەردانە ئاشکرادەکات.

سەرچاوەیەکی سیاسی باڵا بە "سپی" ڕاگەیاند لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەزڵوم عەبدی، ناسراو بە مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی باڵای هەسەدە سەردانی باشوری کوردستانی کردووە و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی سیاسی باڵا کۆبۆتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێش هاتنی مەزڵوم عەبدی بۆ هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و دواتر چۆتە ئیمارات.

سەبارەت بە ئامانجی هەردوو سەردانەکە ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد ئەو دوو سەردانە بە مەبەستی"باشکردنی پەیوەندیەکانی هەرێم و ڕۆژئاوا، نزیکبوونەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەیەکتر، هاوکات گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژە بۆ ڕۆژئاوا و تێکەڵبوونیانە بە پەیەدە".

سەرچاوەکە ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی ئاشکراکرد و وتی"ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە بابەتی فرۆشتنی نەوتی ڕۆژئاوای کوردستانە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە".

 

سپی زانیویەت پارتی ئامانجیەتی لەڕێگەی ئەو سەردانانەوە پەیەدەیە دووربخاتەوە لە پەکەکە.

 

هاوکات هەر بەپێی زانیاریەکان هەردوو سەردانەکە لەلایەن ئەمریکیەکانەوە ڕێکخراوە.

 

 



PM:02:52:11/11/2019