حکومەتی عێراق هێڵێکی نوێی بۆری نەوت بۆ توركیا دروست دەکات

حكومەتی عێراق تاوتوێی دروستكردنی هێڵێكی نوێی بۆری نەوت بۆ توركیا دەكات و بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراقیش زانیاری ئاشکرادەکات.

فەیاز نیعمە، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەیه‌كی توركی ئاشكرایكرد، عێراق تاوتوێی پلانێك دەكات بۆ راكێشانی هێڵێكی نوێی بۆری گواستنەوەی نەوت بۆ توركیاو لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهان.

ئێستا لەنێوان عێراق‌و توركیادا تەنیا یەك هێڵی گواستنەوەی نەوت هەیە، ئەویش ئەو هێڵەیە كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەچێتە توركیا‌و نەوتی هەرێم دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهان، نەوتی كەركوكیش هەر لەڕێگەی ئەم هێڵەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت كە رۆژانە (100 هەزار) بەرمیلە، پێشتر كەركوك لەڕێگەی هێڵی كەركوك- جەیهانەوە هەناردەدەكرا، بەڵام ئێستا ئەو هێڵە لەكاركەتووە.

بریكارەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆژنامەی سه‌باح ی توركی وتووە "ئەو پلانە نوێیەی كە ئێستا بۆ دروستكردنی هێڵێكی نوێ تاوتوێ دەكرێت، نابێتە كێشە بۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان كە لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ توركیادا هەیە".

باس لەوەشدەكات، ئەگەر حكومەتی عێراق پلانی دروستكردنی بۆرییە نوێیەكە پەسەندبكات، توانای هەناردەی نەوت لەو هێڵەوە رۆژانە دەگاتە (یەك ملیۆن) بەرمیل.

عێراق لەدوای سعودیە دووەم گەورە هەناردەكاری نەوتە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی "ئۆپێك"، رۆژانە نزیكەی (4 ملیۆن‌و 500 هەزار بەرمیل) نەوت بەرهەمدەهێنێت، سەرچاوەی داهاتی عێراق بەرێژەی 97% پشتی بە فرۆشی نەوت بەستووە.


PM:05:51:11/11/2019