ئەمڕۆ لە بەغداد خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی بەڕێوە دەچێت

ئەمڕۆ هەینی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ خۆپێشاندانەكانی عێراق كەوتە ناو٢٣مین رۆژییەوە و تا دێت گوشاری خۆپێشاندەران، بەرەو دامەزراوە ئابوورییەكان ئاراستە دەكرێت، سەرچاوەیەكی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند" تا ئێستا ٣٢٤ کەس لە خۆپیشاندانەکانی هەردوو مانگی تشرینی یەکەم و دووەمدا کوژراون، بچوکترینیان عەباس فازلە کە ١٤ ساڵ بووە، گەورەترینیشیان ناجی ٦٨ ساڵە، هەروەها ١٥ هەزار بریندار هەیە".

 

هەر بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ئەو ناوچەیە، ئەمڕۆش خۆپیشاندانی گەورە کە بە خۆپیشاندانی ملیۆنی ناو دەبرێت لە پارێزگای بەغداد بەڕێوە دەچێت و بەو هۆشەوە حکومەت ڕێوشوێنی یاسایی و ئەمنی تووندی گرتۆتە بەر.

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 




AM:09:15:15/11/2019